ماکرۆن لەنێو شەقامەکانی ئەسکەندەریەی میسر رادەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لە دیمەنێکی دەگمەن و سەرنجڕاکێشدا کە بووەتە جێی سەرنجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رۆژی یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، بە جلی وەرزشییەوە لەنێو شەقامە جەنجاڵەکانی شاری ئەسکەندەریە خەریکی راکردنی بەیانیان بوو.
 
گرتە ڤیدیۆییەکان ماکرۆن نیشان دەدەن کاتێک لە شەقامی (خالیدی کوڕی وەلید)ـەوە بەرەو شەقامی (عیسەوی) رادەکات، لە کاتێکدا هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان، ماتۆڕسکیل و پیادەڕۆکان بە شێوەیەکی ئاسایی لە دەوروبەری بەردەوامە. ئەوەی تێبینی دەکرێ، نەبوونی کاروانی گەورەی پاسەوانی و دانەخستنی شەقامەکان، ئەمەش وایکرد خەڵکەکە تووشی سەرسوڕمان بن کە دەبینن میوانی باڵای وڵاتەکەیان بەو سادەییە لە تەنیشتیانەوە رادەکات.
 
سارا نەنەحاس، ئەندام پەرلەمانی میسر لە بازنەی ئەسکەندەریە دەڵێ، ئەم راکردنەی ماکرۆن لە شەقامێکی میللی وەک خالیدی کوڕی وەلید، گەورەترین ریکلامی گەشتیارییە کە میسر بتوانێت بەدەستی بهێنێت. نەنەحاس گوتی: "ئەم دیمەنە بە جیهان دەڵێت میسر خاکی ئاسایش و ئارامییە. پێویستە دەوڵەت سوود لەم ڤیدیۆیانە وەربگرێ بۆ هەڵمەتێکی بەهێزی بازاڕکردنی نێودەوڵەتی."
 
ئەحمەد موسا، پێشکێشکاری ناسراوی تەلەڤزیۆنی لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسی، ماکرۆن بەم کارەی "بەهای ملیۆنان دۆلار ریکلامی بۆ میسر کرد، کاتێک خەڵک دەبینن سەرۆکێکی وەک ئەو بێ ترس لە شەقامە قەرەباڵخەکاندا دەسووڕێتەوە."
 
ئەم چالاکییە وەرزشییە لە پەراوێزی سەردانە فەرمییەکەی ماکرۆن دێت بۆ میسر. رۆژی شەممە، ماکرۆن شانبەشانی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر بارەگای نوێی زانکۆی نێودەوڵەتیی (سێنگۆر)ـیان لە شاری (برج العرب الجديده) کردەوە، کە ناوەندێکی گرنگی فەرەنسی-ئەفریقییە بۆ زانست و کولتوور.
 
هەردوو سەرۆک لە گەشتێکی مەیدانیدا پیاسەیان لەسەر کۆرنیشی ئەسکەندەریە کرد و سەردانی قەڵای مێژوویی (قایتبای)یان کرد. لەوێ بەرپرسانی شوێنەوارناسی زانیارییان پێدان لەبارەی مێژووی قەڵاکە و ئەو کنە و پشکنینە شوێنەوارییانەی لەژێر ئاودا بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی (فانۆسی کۆنی ئەسکەندەریە) بەردەوامن، کە تیمی فەرەنسییش تێیدا بەشدارن.
 
ئەحمەد وەهبان، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەسکەندەریە گوتی، پەیوەندییەکانی قاهیرە و پاریس مێژوویەکی قووڵیان هەیە و بۆ سەردەمی محەممەد عەلی پاشا دەگەڕێتەوە. وەهبان دەڵێ، زانکۆی سێنگۆر وەک "هێزێکی نەرم" وایە بۆ میسر، چونکە ئەو قوتابییانەی لە 43 وڵاتی جیهانەوە تێیدا دەخوێنن، دەبنە باڵیۆزی شارستانیەتی میسر لە وڵاتەکانیان.
 
لە رووی سەربازی و ئەمنیشەوە، ئەم سەردانە بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەندرێ. فەرەنسا یەکێکە لە دابینکەرە سەرەکییەکانی چەک بۆ میسر، لەوانە فڕۆکەی جەنگیی رافال، کەشتیی جەنگی و ژێردەریا، ئەمەش رەنگدانەوەی متمانەیەکی ستراتیژیی قووڵە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
 
ئەمە یەکەمجار نییە ماکرۆن بەو شێوەیە لە میسر دەربکەوێ. پاریش لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ قاهیرە، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی لە بازاڕە مێژووییەکانی (خان خەلیلی) و گۆڕەپانی (حوسێن) پیاسەی کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵکەکە کۆبووەوە.