توێژینەوەیەک: باڵندەی شارەکان زیاتر لە ژنان دەترسن وەک لە پیاوان


رووداو دیجیتاڵ

چۆڵەکە و کۆتر و باڵندەی دیکەی نێو شارەکان زیاتر لە ژنان دەترسن وەک لە پیاوان. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کالیفۆڕنیای ئەمریکی، کاتێک ژنان لە باڵندەکانی نێو شارەکان نزیک دەبنەوە، باڵندەکان زووتر دەفڕن بەراورد بەوەی پیاوان لێیان نزیک دەبنەوە.
 
بۆ ئەم توێژینەوەیە، چەند ژن و پیاوێک کە باڵا و جلوبەرگ و پرچ و کێشیان لەیەکەوە نزیک بووە، لە چەند شارێکی ئەورووپا بە هێواشی بەرەو لای باڵندەکان رۆیشتوون. 
 
توێژەران بۆیان دەرکەوت، پیاوەکان دەتوانن یەک مەتر زیاتر لە ژنان لە باڵندەکان نزیک ببنەوە، پێش ئەوەی باڵندەکان هەست بە مەترسی بکەن و بفڕن.
 
دانیێل بلومشتاین، زیندەوەرزان و پرۆفیسۆر لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆسەنجلس، هەروەها سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "بڕوای تەواوم بە ئەنجامەکانی توێژینەوەکەمان هەیە، کە باڵندەی شارەکان بەپێی رەگەزی مرۆڤەکان (ژن یان پیاو) کاردانەوەیان دەگۆڕێ، بەڵام ئێستا نازانم هۆکارەکەی چییە و ناتوانم روونی بکەمەوە."
 
ئەم ئەنجامە لەنێو 37 جۆری جیاوازی باڵندە لە پێنج وڵاتی ئەورووپی بە هەمان شێوە بووە؛ هەروەها دەرکەوتووە کە رەگەزی باڵندەکە (نێر یان مێ)، رێژەی سەوزایی و دارەکان و ئەو دوورییەی مرۆڤەکە لێیەوە دەستی بە نزیکبوونەوە کردووە، رۆڵیان هەبووە لەسەر کاتی فڕینی باڵندەکان.
 
لە توێژینەوەکەدا هەوڵ دراوە رووخسار و باڵای مرۆڤەکان وەک یەک بێت. بۆ نموونە، ئەگەر ژنێک یان پیاوێک قژی لەوەی دیکە درێژتر بووایە، قژی دادەپۆشی بۆ ئەوەی جیاوازییەکە بۆ باڵندەکە دەرنەکەوێ.
 
توێژەران پێیانوایە، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە باڵندەکان بتوانن هەست بە جیاوازییەکانی دیکەی نێوان ژن و پیاو بکەن، وەک شێوازی رۆیشتن، شێوەی جەستە، بۆن، یان هەر جیاوازییەکی دیکە.