ئەپڵ گۆڕانکاریی گەورە لە رووکاری iOS و iPadOSی نوێدا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئەپڵ گۆڕانکاریی گەورە لە رووکار و ناوی سیستمی کارپێکردنی ئایفۆن، ئایپاد، کاتژمێر و کۆمپیوتەرەکانیدا دەکات. لە کۆنفرانسی ساڵانەیدا، ئەپڵ سیستمە نوێیەکانی خۆی خستنەڕوو. 

لەمەودوا ئەو ژمارەیەی بۆ پلەبەندکردنی iOS و iPadOS بەکاردەهێنرێت، ژمارەی ریزبەندی وەشانەکانیان نابێت، بەڵکو ژمارەی ئەو ساڵە دەبێت کە وەشانەکەی تێدا بەردەستکراوە. واتە سیسمتەکانی داهاتوو iPadOS 19 و iOS 19 نابن، بەڵکو ناودەنرێن iOS 26 و iPadOS 26 کە چاوەڕوان دەکرێت، مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، لەگەڵ خستنەڕووی زنجیرەی ئایفۆن 17، بەردەست بکرێن. 
 
گۆڕانکارییەکە ناوەکانی watchOSی کاتژمێری زیرەک و macOSی کۆمپیوتەریەکانیش دەگرێتەوە. 
 
شێوە و رەنگی هەموو ئایکۆن، پەردە، لیست و جووڵەکانیان لە سیستمە نوێیەکاندا دەگۆڕێت، ئەوەش وەک بەشێک لە رووکاری نوێی سیستمەکانی کارپێکردن کە ناونراوە "لیکوید گڵاس" یاخود شوشەی شل. 
 
وەک بە ناوەکەیدا دیارە، شێوەی ئایکۆن، لیستی بژاردەکان، پەردە و رێکبەندییەکان سیمای توێژاڵی شووشەییان دەبێت و زیاتر بە شێوە سێ رەهەندی دەردەکەون؛ وەک ئەپڵ لە ماڵپەڕەکەیدا دەڵێت، زیاتر لە بەرجەستە و راستییەوە نزیکن.