چوار وڵاتی ئەفریقی: داننان بە هەڵەبجە وەک 19یەمین پارێزگای عێراق دەستکەوتە

 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی سۆماڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەناوی وڵاتەکەی و جەزائیر، گایانا و سیرالیۆنەوە گوتی، چاودێریی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، داننان بە هەڵەبجە وەکو 19یەمین پارێزگای عێراق دەستکەوتە.
 
رۆژی سێشەممە 10ی حوزەیرانی 2025 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، تایبەت بە دۆخی عێراق، لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.
 
ئەبوبەکر داهیر عوسمان، باڵیۆزی سۆماڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی بەناوی وڵاتەکەی و هەریەک لە جەزائیر، گایانا و سیرالیۆن خوێندەوە و رایگەیاند، "چاودێریی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی وڵاتەکە دەکەین." گوتیشی، "بە فەرمی داننان بە هەڵەبجە وەکو 19یەمین پارێزگای عێراق" دەستکەوتە.
 
14ى نیسانى 2025 پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەى پەسند کرد و بەو جۆرەش ئەو ناوچەیەی هەرێمی کوردستان بووە 19یەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.
 
ئەو دیپلۆماتەی سۆماڵ لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش قسەی کرد و گوتی، "دەستخۆشی لە کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ کردنەوەی دەرگای خۆتۆمارکردنی دەنگدەران و بەربژێران دەکەین، وەکو هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی شەفافانە."
 
ئەبوبەکر داهیر عوسمان داوای لە لایەنە عێراقییەکان کرد کار بۆ بەشدارییەکی کارای هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن، کە بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بە جۆرێک بێت کە لە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان دووربێت.