بۆسنە نایەوێت ببێتە پاسەوانی سنووری یەکێتیی ئەوروپا

رووداو - هەولێر

لە کاتێکدا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بە دوای چارەسەرێکی هاوبەشدا دەگەڕێن تاوەکو لە رێگەیەوە قەیرانی کۆچبەران چارەسەر بکەن، بۆسنە، کە ئەندامی یەکێتییەکە نییە، زیاتر لە وڵاتانی دیکەی ئەندام بە دەست کێشەی کۆچبەرانەوە دەناڵێنێت. 

زۆربوونی ژمارەی کۆچبەران و مانەوەیان لە بۆسنە، کاریگەری کردووەتە سەر ئابووری ئەو وڵاتە، هاوکات بەهۆی داخرانی سنوورەکانی وڵاتانی دیکە بە رووی کۆچبەراندا، بۆسنە چەند بژاردەیەکی زۆر کەمی لەبەردەستدان. 

ئەو کۆچبەرانەی لە بۆسنە ماونەتەوە لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین، هاوکارییەکان کەمن و لە دۆخێکدان کە دانیشتووانی ناوچەکە یارمەتییان دەدەن. 

زەهیدا بیهۆراچ، خۆبەخشە و دەڵێ "بارودۆخی ژیان لێرە زۆر خراپە، خەڵک ناتوانن خۆیان بشۆن. ئەمە کێشەیەکی جیدییە بۆ ژنان و بۆ منداڵانی بچووک، کە پێویستییان بە خۆشۆردن هەیە، بەڵام لێرە تەنیا ئاوی سارد هەیە؛ بۆیە ژمارەیەک ژن، بەتایبەتیش ژنانی دووگیان بانگهێشتی ماڵەکانیان دەکەن تاوەکو لەوێ خۆیان بشۆن، بەڵام لەم گەرمایەدا پێویستە رۆژانە دوو یان سێ جار خۆت بشۆیت، نەک چەند رۆژ جارێک".

بۆسنە بۆ کۆچبەران تەنیا رێگایەکە بۆ تێپەڕبوون، نەک شوێنێک بۆ مانەوە. ئەوان نایانەوێت لێرە بمێننەوە و دەیانەوێت رێگەکەیان تەواو بکەن و بگەنە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی رۆژانە دەگەنە ئەو وڵاتە، لەوانەی کە جێیدێڵن زیاترە.

سەلام میزدیچ، لە رێکخراوی خاچی سوور لە بۆسنە ئاماژە بەوە دەدات "ژمارەی کۆچبەران رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، ئەوە شتێکی روونە، هەروەها رۆژانە لە دەوروبەری ئەم باڵەخانەیەدا خێوەتی زیاتر هەڵدەدرێن".

هەڵکەوتەی جیوگرافی بۆسنە بەو جۆرەیە کە بووەتە دەروازەی ئەوروپا، بەڵام ئەو وڵاتە نایەوێت رۆڵی پاسەوانی سنوور بۆ یەکێتییەک ببینێت، کە تێیدا ئەندام نییە. بۆسنە و یەکێتیی ئەوروپا لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەشدان، کە بەهۆیەوە یارمەتی بۆسنە بدرێت و بۆسنەش رێگە بدات یەکێتیی ئەوروپا ناوەندێکی وەرگرتنی کۆچبەران لەوێ بکاتەوە.


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار