وەزارەتی دەرەوە.. ئەڵقە لاوازەكەی ئیدارەی ترامپ

رووداو- هەولێر

كەمكردنەوەی بودجەی وەزارەتی دەرەوە بە رێژەی 30% و بڕیاری سەرلەنوێ رێكخستنەوەی وەزارەتەكە، ئەو گومانەی دروستكردووە كە گەورەترین دامەزراوەی سیاسی و دیپلۆماسیی ئەمریكا چیدی لە ئەولەویەتی ئیدارەی نوێی ئەمریكادا نییە. بەڵام زانیارییە نوێیەكان ئاشكرای دەكەن كە هەنگاوەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رۆڵی بەرچاویان هەیە لە سەرهەڵدانی ناكۆكی و بێ متمانەیی لەناو وەزارەتی دەرەوەدا.

كێشەكان لە نهۆمی حەوتەمی وەزارەتی دەرەوە دەستپێدەكەن كە ژمارەیەكی زۆر كەلوپەل بۆ ئاوەدانكردنەوەی ژوورەكانی دابینكراوە. ئەو ژوورانە بۆ كۆمەڵێك راوێژكار و یاریدەدەری دەرەوەی ستافی هەمیشەیی وەزارەتەكەن. ژمارەیەك بەرپرس و كاربەدەستی دەرەوەی وەزارەتەكە بە گۆڤاری (فۆرین پۆڵسی)ی ئەمریكییان راگەیاندووە ئەو فراوانكردنە نوێیە بۆ ئەوەیە "وەزارەتێكی هاوتەریب" لەنێو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا دروست بكەن و بە كردەوە وەزیر و راوێژكارەكانی لە كارمەند و ستافی هەمیشەیی وەزارەتەكە داببڕێنن.

گۆڤارە ئەمریكییەكە لەگەڵ زیاتر لە 30 كاربەدەستی ئێستا و پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا قسەی كردووە و هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی كۆشكی سپی گوێ بە كار و بڕیارەكانی وەزارەتی دەرەوە نادات و "میراتی چەندین دەیە كاری دیپلۆماتیكی ئەمریكایان تووشی مەترسی كردووە".

بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت: "ئێستا زۆربەی رۆژەكانم بەوە تێدەپەڕێت كە بیر لە تێكەڵ و پێكەڵییەكان بكەینەوە، هیچ روئیایەك نەماوە".

لە سەرەتای دەستبەكاربوونیدا، هیوایەكی زۆر هەبوو رێكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بتوانێت لە روئیای ترەمپدا شوێنێكی بەرز بۆ وەزارەتی دەرەوە بكاتەوە، بە تایبەتیش لەبەر ئەوەی پێشتر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئیكسۆن مۆبیل بووە و ئەزموونێكی باشی دانوستاندنی هەیە. بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی وەزارەتەكە، ئیدارەی ترەمپ "وەزارەتی دەرەوەی پوكاندووەتەوە، كۆشكی سپی و وەزارەتی بەرگری رۆڵی وەزارەتی دەرەوەیان لە هەوڵە دیپلۆماسییەكاندا سفر كردووە".

بەگوتەی یەكێك لە بەرپرسانی وەزارەتەكە "كێشەكە ئەوەیە هیچ كەسێك نییە دامەزراوەی وەزارەتی دەرەوە بپارێزێت، هیچ كەسێك نییە پێمان بڵێت چی روودەدات؟". 

تەنیا چەند هەفتەیەك دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی كۆشكی سپی، ژمارەیەكی زۆر دیپلۆماتی كۆنی وەزارەتەكە لەسەر كار لادران و هیچ كەسێك بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكانیان دانەنراوە. ئەوەش بێ متمانەییەكی زۆری لە نێو وەزارەتەكەدا دروستكرد. لەناو ئەو پۆستانەش پۆستی باڵیۆز و راوێژكاری وەزیر بۆ كاروباری ناوچەكان هەیە. 

ئەو بۆشاییەی بەهۆی لادانی ئەو بەرپرس و ستافە دروستبووە كێشەی بڕیاردانی بۆ وەزارەتی دەرەوە دروستكردووە. نموونەی ئەمە لە داواكردنی 79 ملیۆن دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕی پەیام ناردنی داعشدا دەبینرێت. بە گوتەی یەكێك لە بەرپرسان، ئەم داوایە چەندینجار لەلایەن بازنەكەی نزیك تیلەرسنەوە نووسراوە و گفتوگۆی لەسەر كراوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ بڕیارێك لەو رووەوە نەدراوە. 

بەرپرسێكی پێشووی وەزارەتی دەرەوە كە بەمدواییە دەستی لەكاركێشاوەتەوە، بە گۆڤارە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە، كێشەكە تەنیا كەمبوونەوەی ستاف نییە، بەڵكو "هیچ كەسێك دەسەڵاتی بڕیاردانی پێ نەدراوە، ئەو شێوازە رۆتینییەی پێشتر زانیارییەكانی پێ ئاڵوگۆڕ دەكرا ئێستا نەماوە". 

 بەرپرسان و دیپلۆماتەكانی وەزارەتی دەرەوە دەڵێن تیلەرسن لە نهۆمی حەوتەم بازنەیەك لە باوەڕپێكراوەكانی خۆی دروستكردووە و خۆی لە بەشەكانی دیكەی وەزارەت دابڕاندووە. لە نێوان باوەڕپێكراوەكانی وەزیری دەرەوەدا كۆمەڵێك ناو زەقن، لەوانە مارگارێت پیتەرلین، بەرپرسی دیوانی وەزارەت و برایان هووك بەڕێوەبەری پلانی وەزارەت كە لە سەردەمی جۆرج بوشی كوڕیش لە وەزارەتی دەرەوە كاری كردبوو. 

بەگوێرەی راپۆرتەكەی (فۆرین پۆڵسی)، جگە لە هووك، هیچكام لە باوەڕپێكراوەكانی تیلەرسن پێشتر لە وەزارەتی دەرەوە كاریان نەكردووە. بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەش دەڵێت: "ئەو بازنەیە بە ئەنقەست هەوڵدەدەن خەڵكی شارەزا و بە ئەزموون لە كۆڵ خۆیان بكەنەوە، وەكوو بڵێی كەیفیان بە كەسانی بە ئەزموون نایەت".

كێشە نێوخۆییەكانی وەزارەتی دەرەوە تەنیا لەناو باڵەخانە و ئۆفیسەكانی وەزارەتی دەرەوەدا نەماون، بەڵكو ناوەندە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی دیكەشی نیگەران كردووە. فۆرین پۆڵسی لەگەڵ دەیان باڵیۆز و بەرپرسی دیپلۆماسی وڵاتان قسەی كردووە، بەشێكیان گلەیی ئەوەیان هەیە كە نازانن قسە لەگەڵ كام بەشی وەزارەتەكە بكەن، هەندێك لە باڵیۆزەكان گلەیی ئەوەیان كردووە كە تیلەرسن وەڵامی تەلەفۆنەكانیان ناداتەوە، بۆیە ناچار بوون پەیامی خۆیان بە كۆشكی سپی یان جارد كۆشنەر، زاوا و راوێژكاری ترەمپ و ئیڤانكای كچی ترەمپدا بنێرن.

دیپلۆماتێكی ئەوروپیش دەڵێت "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سنووردار كردووە، لەبەر ئەوەی لە كاتی دەستبەكاربوونی ترەمپەوە چیدی هەست ناكەین تیلەرسن بەشدارییەكی ئەوتۆی (لە بڕیارەكانی سیاسەتی دەرەوەدا) هەبێت". 

لاوازیی وەزارەتی دەرەوە لە كاتێكدایە كە جیهان لەگەڵ چەند قەیرانی گەورەی وەكوو تیرۆریزم، سیستەمی مووشەكی كۆریای باكوور و ئێران، قەیرانی دیپلۆماسیی كەنداو، شەڕی سووریا، بەهێزبوونی رووسیا و هەڕەشەكانی لەسەر رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەرەوڕووە و زۆربەی ئەو كێشانەش تەنیا بە رێگەچارەی دیپلۆماتیك و پەیوەندییەكانی دەرەوە چارەسەر دەكرێن.

لاوازیی وەزارەتی دەرەوە یەكێك لە هۆكارەكانی سیاسەتی لێكدژی كۆشكی سپی بووە لە ئاست كێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان. بۆ نموونە هەڵوێستی دژبەیەكی وەزارەتی دەرەوە، كۆشكی سپی و پێنتاگۆن بەرامبەر كێشەی نێوان قەتەر و چوار وڵاتە عەرەبییەكە. بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت "ئاكامی گەشتە یەك هەفتەییەكەی تیلەرسن بۆ ناوچەی كەنداو و دانیشتن لەگەڵ لایەنەكانی كێشەكە تەنیا یەك تویتی سەرۆكی ئەمریكا بوو". 

تۆماس كانتریمان كە لە سەردەمی سەرۆكایەتی شەش سەرۆكی ئەمریكادا كاری دیپلۆماسیی كردووە و لە مانگی یەكی ئەمساڵدا خانەنشین بوو، هۆشداری دەدات كە "هیچكات ورەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هێندەی ئێستا لە خوار نەبووە". 

بەگوتەی كانتریمان ئەو دۆخەی ئێستا دیپلۆماتەكانی ئەمریكای تێدایە زۆر لەو دۆخە خراپترە كە وەزارەتی دەرەوە بەهۆی بەرپرسیارێتی ئەخلاقییەوە لە كاتی شەڕێكی وەكوو شەڕی عێراق تووشی دەبوون.

كەسانی نزیك لە تیلەرسن دەڵێن ئەو وەزیرە خۆیشی لە پۆستەكە ماندوو بووە، میدیاكانی ئەمریكا دەنگۆی دەست لەكاركێشانەوەی تیلەرسن لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەیان بڵاوكردەوە. گوتەبێژی وەزارەتەكە دەنگۆكانی رەتكردەوە، بەڵام یاریدەدەرێكی نزیك لە وەزیری دەرەوە دەڵێت "تیلەرسن قینی لە پۆستەكەیە و بۆ ماوەیەكی زۆر لەو شوێنە نامێنێتەوە".