نەتەوە یەکگرتووەکان: پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی غەززە مەترسی کارەساتێکی دیکە دروست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری بە ئەنجوومەنی ئاسایش دا کە پلانی کۆنترۆڵکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە ببێتە هۆی دروستکردنی کارەساتێکی دیکە.
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی دۆخی غەززە بەتایبەت پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرتەکە بەرێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەکدا میرۆسلاڤ جینکا، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "ئەگەر ئەو پلانانە جێبەجێ بکرێن، کارەساتێکی گەورە لە غەززە دروستدەکات، دەنگدانەوەی بە تەواوی ناوچەکەدا دەبێت و دەبێتە هۆی ئاوارەبوون(ی هاووڵاتییانی سڤیل)، کوشتار و وێرانکاری."
رۆژی هەینی رابردوو، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا، پەسندکردنی پلانەکەی غەززەی راگەیاند. بنیامین نەتەنیاهوو چەند کاژێرێک پێش کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنی بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی راگەیاند، مەبەستی ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی کەرتی غەززەیە.
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای بەریتانیایە و هۆشداریشی لەوەداوە کە پلانەکە ببێتە هۆی درێژکردنەوەی زیاتری جەنگەکە.
جەیمس کاریوکی، جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، پلانەکە دەبێتە هۆی "زیادبوونی ئازارەکانی هاووڵاتییە سڤیلەکانی غەززە. ئەمە تەنیا رێگەی گەیشتن نییە بە چارەسەر بەڵکو رێگەیەکە بۆ خوێنڕشتنی زیاتر".
ئەو گوتانە لەکاتێکدان ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دەیانەوێت لە کاتیکی دیاریکراودا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکە بهێنن و ئامانجیشیان کۆنترۆڵکردنی کەرتەکە نییە بەڵام دەیانەوێت دەسەڵاتێکی مەدەنی لەوێ دابمەزرێنن کە حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستین هیچ رۆڵێکیان تێیدا نەبێت.
هەر ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵاتی ئەورووپا راگەیێندراوێکیان سەبارەت بە پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی غەززە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، پلانەکە "دۆخی مرۆیی خراپتر دەکات و ژیانی هەموو ئەو بارمتانە دەخاتە مەترسییەوە کە لە ژیاندا ماون".
گوتیشیان، ئۆپەراسیۆنەکە دەبێتە هۆی بوونە قوربانی ژمارەیەکی زۆر خەڵک و ئاوارەبوونی زۆرینەیان.