ترەمپ: پێویستە بێماڵەکان "دەستبەجێ" لە واشنتۆنی پایتەخت دووربخرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە کەسانی بێماڵ لە واشنتۆنی پایتەخت "دووربخرێنەوە"، ئەمەش دوای چەندین رۆژ دێت لە باسکردنی پلانەکانی بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی فیدراڵی بەسەر شارەکەدا، کە بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکات تاوان تێیدا زیادبووە.
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، پێویستە کەسانی بێماڵ "زۆر دوور" لە واشنتۆن نیشتەجێ بکرێن. بڕیارە سبەی ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پلانەکانی بۆ شاری واشنتۆن ئاشکرا بکات، کە لەلایەن حکومەتی خۆجێیەوە بە سەرپەرشتی کۆنگرێس بەڕێوەدەبرێت.
ترەمپ لە تۆڕی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "پایتەختەکەمان سەلامەتتر و جوانتر دەکەم لەوەی پێشتر هەبووە." دەشڵێت، "پێویستە بێماڵەکان دەستبەجێ بچنە دەرەوە. شوێنی مانەوەیان پێدەدەین، بەڵام زۆر دوور لە پایتەخت." ئەو هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە "تاوانباران" لە شارەکەدا بەخێرایی زیندانی دەکرێن و گوتی: "هەموو ئەمانە زۆر بەخێرایی روودەدەن."
ئەم گوتانەی ترەمپ لە کاتێکدان کە ئامارە فەرمییەکانی پار پشانی دەدەن واشنتۆن لە لیستی شارە گەورەکانی ئەمریکادا لە پلەی 15ـەمیندایە بۆ ژمارەی دانیشتووانی بێلانە. سەرەڕای ئەوەی هەزاران کەس شەوانە لەسەر شەقامەکان یان لە پەناگەکاندا دەمێننەوە، بەڵام ئامارەکە لە ئاستی پێش کۆرۆنا کەمترە.
ترەمپ هەفتەی رابردوو هەڕەشەی بڵاوەپێکردنی گاردی نیشتمانیی کرد وەک بەشێک لە هەڵمەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی کە بە هەڵە بە "زیادبوونی تاوان" لە واشنتۆن ناوی دەبات. بەپێی ئامارەکانی پۆلیس، تاوانەکان لە پایتەخت لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 بە رێژەی 26٪ دابەزیوە بەراورد بە هەمان ماوەی پار. هەروەها ژمارەی تاوان لە ساڵی 2024 نزمترین ئاستی لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا تۆمارکردووە.
موریەڵ باوزەر، سەرۆکی شارەوانیی واشنتۆن کە دیموکراتە، رۆژی یەکشەممە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی گوتی: "ئێمە بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان بەخۆمانەوە نابینین." باوزەر هەروەها هەر بەراوردکردنێکی دۆخی شارەکەی بە وڵاتێک کە جەنگی تێدابێت بە "زیادەڕەوی و ناڕاست" وەسف کرد.
هەڕەشەکەی ترەمپ بۆ ناردنی گاردی نیشتمانی چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە هێزی یەدەگی سەربازیی کالیفۆرنیای لە لۆس ئەنجلۆس بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکانی دژی هەڵکوتانە سەر کۆچبەران بڵاوەپێکرد، ئەمەش سەرەڕای ناڕەزایەتیی سەرکردە خۆجێیەکان و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا.