جیهان پشتیوانی و هاوسۆزی بۆ مەغریب دەردەبڕێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی مەغریب رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەوە گیانیان لەدەستدا، بۆ دوو هەزار و 12 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە دوو هەزار و 59 کەس کە هەزار و 404یان لە دۆخێکی ناجێگیردان. 
 
هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردنی خەڵک لە ژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکە بە درێژایی شەو بەردەوام بوون. سەرکردە و دیپلۆماتەکانی جیهان سەرەخۆشی و پشتیوانیی خۆیان بۆ مەغریب دەربڕی، دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر شاخەکانی باشووری رۆژئاوای مەراکشی گرتەوە.
 
ئەو بوومەلەرزەیە بە گوڕی 6.8 پلەی کاژێر 11:11ی شەو بەکاتی مەغریب (01:11ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە بەکاتی هەولێر) روویدا.
 
سەرکردەکانی جیهان هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان بۆ مەغریب دەربڕی. 
 
هەرێمی کوردستان و عێراق
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "بە ناوی گەلی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە ئەوپەڕی سەرەخۆشیی ئاراستەی گەلی شانشینی مەغریب دەکەم لە بارەی قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە و لەم کاتە سەختەدا هاوبەشی خەمیانم."
 
نێچیرڤان بارزانی هەروەها نووسیویەتی: "لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە بەزەیی خۆی بەسەر قوربانیاندا ببارێنێت و بریندارانیش بە چاکبوونەوەیەکی خێرا بگەیێنێت." 
 
هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی هاوشێوەدا رایگەیاند: "بەوپەڕی خەم و پەژارەوە، هەواڵی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی شانشینی مەغریبمان پێگەیشت کە بووە هۆی زیانی گەورەی گیانی و ماددی. لە کاتێکدا کە لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خێزانی قوربانیان دەکەین، لە هەمان کاتدا هاوسۆزیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەغریب رادەگەیێنین، بە حکومەت و خەڵکیشەوە، لەم ساتە سەختانەدا."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "ئامادەم هەر جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بکەم بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە". 
 
ئەوروپا 
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیای دراوسێی مەغریب، "هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆی بۆ خەڵکی مەغریب دەربڕی"   رایگەیاند، "لە دوای ئەم بوومەلەرزە ترسناکە ئیسپانیا لەگەڵ قوربانیانی ئەم تراژیدیایەدایە".
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیاش رایگەیاند: "دڵمان لای قوربانیانی ئەم بوومەلەرزە وێرانکەرەیە. هاوسۆزیمان هەیە بۆ هەموو ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە".
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند کارەساتەکە ئەوی "وێرانکرد" و گوتی: "فەرەنسا ئامادەیە بۆ یارمەتیدان لە رێگەی فریاگوزاریی سەرەتایی".
 
پاپا فرانسیسی ڤاتیکان، دوای بوومەلەرزەکە "هاوسۆزیی قووڵ"ی خۆی لەگەڵ مەغریب دەربڕی، بەگوێرەی ڤاتیکان.
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا جەختی لە "ئامادەیی ئیتاڵیا بۆ پشتگیریکردنی مەغریب لەم بارە لەناکاوەدا" کردەوە. 
 
ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هاوسۆزیی خۆی دەربڕی "لەگەڵ گەلی مەغریب لە بەرامبەر بوومەلەرزە ترسناکەکەدا".
 
هەروەها وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، لەڕێگەی ئەنجوومەنی ئەوروپاوە لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند: "بە قووڵی دڵگرانین لە ئەنجامە وێرانکەرەکانی ئەم رووداوە دڵتەزێنە."
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی شا محەممەدی مەغریب کراوە، هاتووە: "وەک دۆست و هاوبەشی نزیکی مەغریب، ئامادەین هاوکاری بکەین بە هەر شێوەیەک کە ئێوە بە باشی بزانن."
 
هەروەها سەرکردەکانی رووسیا و ئۆکرانیاش هاوسۆزیی خۆیان پێشکێشکرد.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سەرەخۆشی قووڵی خۆی بۆ شا محەمەدی شەشەم و هەموو خەڵکی مەغریب دەربڕی بۆ ئەو کەسانەی کە لە بوومەلەرزە ترسناکەکەدا گیانیان لەدەستدا.
 
سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گوتی: "ئۆکرانیا لەم کاتە دڵتەزێنەدا بەهاوسۆزی لەگەڵ مەغریب دەوەستێت."
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش هەستی هاوشێوەی دەربڕی و لە پەیامێکدا بۆ پاشای مەغریب رایگەیاند: "ئێمە هاوبەشین لە ئازار و ماتەمینی گەلی مەغریبی دۆست."
 
هیندستان، تورکیا
 
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان کە لەم هەفتەیەدا میوانداریی لووتکەی کۆمەڵەی 20 دەکات، رایگەیاند: "هەست بە ئازارێکی زۆر دەکەم بەهۆی گیانلەدەستدانی خەڵک لە ئەنجامی بوومەلەرزەی مەغریب".
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش رایگەیاند، ئامادەیی خۆی بۆ پێشكێشکردنی پشتیوانی بە "برا مەغریبییەکانمان بە هەموو شێوەیەک لەم کاتە سەختەدا" دەربڕی.
 
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
جەزائیر کە لە مانگی ئابی 2021ـەوە لە لوتکەی قەیرانەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ مەغریب پچڕاندبوو، وەزارەتی دەرەوەی رایگەیاند: "لە دڵەوە سەرەخۆشیی لە گەلی مەغریبی برا دەکەین بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە".
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "هەموو دامەزراوە و هێزەکانی حکومەتم راسپاردووە کە هەر هاوکارییەک پێویست بێت پێشکێش بە خەڵکی مەغریبی بکەن، لەوانەش ئامادەکارییەکانی ناردنی شاندێکی هاریکاری بۆ ناوچەکە".
 
ئەوە دوایین پێشاندانی پشتیوانییە لە دوای رێککەوتنەکانی ئەبراهام لە ساڵی 2020 کە ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی ئاسایی کردەوە، لەنێویاندا مەغریب.
 
شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات رایگەیاند: "لەم کاتە سەختەدا لەگەڵ شانشینی مەغریب دەوەستین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ هەموو ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە دەکەین".
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئیمارات، سەرۆکی ئەو وڵاتە هەروەها فەرمانیکردووە "پردێکی ئاسمانی بۆ گەیاندنی فریاگوزاری گرنگ" بۆ مەغریب دروستبکرێت.
 
ئێرانیش هاوخەمی خۆی بۆ "بوومەلەرزە ترسناکەکە" دەربڕی.
 
شای عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن داوای لە حکومەتەکەی کرد هەموو هاوکارییەک پێشكێش بە مەغریب بکات.
 
ئەفریقا
 
بۆلا تینوبو، سەرۆکی نایجیریا "لە دڵەوە" سەرەخۆشیی لە شا محەممەد کرد و گوتی: "لەم نەهامەتییەدا، نەیجیریا وەکو هاوسۆزی لەگەڵ مەغریبدا بەردەوام دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی ئەوان چاکدەبنەوە، ئاوەدانی دەکەنەوە و لەم رووداوە بەدبەختەدا بەهێزتر لە جاران دەردەچن."
 
موسا فەقی محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا رایگەیاند: "لە دڵەوە سەرەخۆشی بۆ پاشا و گەلی مەغریب و کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕم".
 
دامەزراوە جیهانییەکان
 
لە راگەیێندراوێکی بانکی جیهانیدا هاتووە: "دڵمان لای خەڵکی مەغریبە. تاکە سەرنجمان لەم قۆناخەدا لەسەر گەلی مەغریب و دامودەزگاکانیەتی کە مامەڵە لەگەڵ ئەم کارەساتەدا دەکەن."
 
حوسێن براهیم تەها، ئەمینداری گشتی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کە بنکەکەی لە جەددەیە، نزای "بەزەیی بۆ قوربانییەکان و چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان" کرد.
 
تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بوومەلەرزەکەی بە "ناخهەژێن" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە ئامادەین بۆ پشتیوانیکردنی پێداویستییە تەندروستییە بەپەلەکان". 
 
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور رایانگەیاند، کارکردن لەسەر زیانەکانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە دەتوانێت چەندین ساڵ بخایەنێت.
 
یونسکۆ، رێکخراوی میراتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە یارمەتی مەغریب دەدات لە رووپێوکردنی ئەو زیانانەی بەر شوێنەوارەکانی وڵاتەکە کەوتوون و پلانێک بۆ چاککردنەوەیان دادەنێت.