نیپاڵ؛ لە 17 ساڵی رابردوودا 13 جار حکومەت گۆڕاوە یان رووخێندراوە
رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندەرانی نیپاڵ بەزەییان بە هیچ بەرپرس و باڵەخانەیەکی حکومەت نەکرد، لە کاتاماندووی پایتەختی وڵاتەکە ئۆفیسی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک باڵەخانەی دیکەی وەزارەتەکانیان سووتاند.
رۆژی دووشەممە خۆپێشاندانەکان دەستیانپێکرد، لە ماوەی دوو رۆژدا شتێک بە ناوی حکومەت نەما.
خۆپێشاندانەکە هەلێکی زێڕین بوو بۆ زیندانییەکان. پۆلیسی نیپال دەڵێت، لە دووشەممەوە زیاتر لە 15 هەزار زیندانی هەڵاتوون.
بیناج گوروباچاریا، شرۆڤەکارە و باس لەوە دەکات، "لە رۆژی سێشەممەوە سوپا جووڵەی پێکراوە و ئەمڕۆش بەردەوام بووە. ئەوان بەشێکی کاتاماندوویان کۆنترۆڵکردووەتەوە کە لە رۆژی دووشەممەوە خۆپێشاندان و گرژییان تێدا بووە. خۆپێشاندانەکان هی گەنجان بووە کە لە دژی پلانی حکومەت بوون بۆ قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان."
بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی نیپاڵ، 22 خۆپێشاندەر کوژراون و نزیکەی 300ـی دیکەش بریندار بوون.
خۆپێشاندەران دوێنێ حکومەتیان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد، بەڵام سەرۆکی وڵات هێشتا لە کۆشکە و بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی لەسەر ئایندەی وڵاتەکە لەگەڵ نوێنەرانی خۆپێشاندەران کۆببێتەوە.
دیڤ کومار خاتیوۆادا، فەرمانبەرێکی خانەنشینە و باس لەوە دەکات، "ئەوەی روویدا ئەنجامی گەندەڵی زۆر بوو لە حکومەتدا. سەرکردەی نابەرپرس تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان قەدەخە دەکرد بۆ شاردنەوەی گەندەڵییەکانیان. ئەوەی روویدا ئەنجامی تووڕەیی خەڵک بوو چونکە سەرکردەکان تۆوی خراپەیان چاندبوو".
هەموو نیپاڵییەکان لەگەڵ ئەو دۆخەدا نین کە روویدا.
جاگاناس بوجیل، فەرمانبەری حکومەتی نیپاڵە و دەڵێت، "سەبارەت بە رووداوەکانی دوێنێ، پێموایە زێدەڕوییەک هەیە و پێویستە هەموو لایەک کار بکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە ئارام بێتەوە. زیانێکی زۆر بە باڵەخانە حکومییەکان کەوتووە و ئەمەش شتێکی باش نییە".
لە 2008ـوە کە سیستممی پاشایەتی لە نیپاڵ کۆتایی هات، دۆخی سیاسیی لەو وڵاتەدا جێگیر نەبووە.
لە 17 ساڵی رابردوودا، 13 کابینە لەو وڵاتەدا پێکهێندراون، چارەنووسیشیان دەستلەکارکێشانەوە و رووخان بووە.