مەسک چیدیکە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان نییە؛ ئیلیسن گۆڕەپانەکەی پێ چۆڵکرد

رووداو دیجیتاڵ

چیدیکە ئیلۆن مەسک دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان نییە، لاری ئێلیسن، دامەزرێنەری کۆمپانیای (ئۆراکڵ) بە 393 ملیار دۆلار، گۆڕەپانەکەی پێ چۆڵکرد.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی بلومبێرگ، دوای قازانجە زۆرەکەی کۆمپانیای ئۆراکڵی تایبەت بە تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، سامانی ئێلیسین لە یەک رۆژدا 101 ملیار دۆلار زیادی کرد و گەیشتە 393 ملیار، بەمجۆرە بەپێش 385 ملیارەکەی ئیلۆن مەسک کەوت. 
 
کۆمپانیای ئۆراکڵ (ORCL) رایگەیاند، خواستێکی یەکجار زۆر لەسەر توانای ناوەندەکانی داتا لەلایەن کڕیارانی ژیریی دەستکردەوە زیادی کردووە، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخی پشکەکانی کۆمپانیاکەدا، تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارەی دوێنێ بە کاتی هەولێر، پشکەکانی کۆمپانیاکە 40٪ بەرزبوونەوە. 
 
سافرا کاتز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی ئۆراکڵ رایگەیاند، کۆمپانیاکە چوار گرێبەستی چەندین ملیار دۆلاریی لەگەڵ کڕیارەکانی واژۆکردووە، چاوەڕێش دەکەن لە مانگەکانی داهاتوو گرێبەستی دیکە بکەن.
 
ئۆراکڵ توانای کۆمپیوتەر، خزمەتگوزاریی کڵاود و سۆفتوێری داتابەیس بۆ کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد دابین دەکات. لە مانگی تەممووزدا، ئۆراکڵ رێککەوتنێکی بۆ دابینکردنی 4.5 گێگاوات کارەبا بۆ کۆمپانیای OpenAI، خاوەنی ChatGPT، بۆ دابینکردنی وزەی سۆفتوێری ژیریی دەستکردەکەی راگەیاند. 
 
بلومبێرگ ئاماژە بەوە دەکات، بازدانەکەی ئێلیسن، "گەورەترین زیادبوونە لە یەک رۆژدا" کە لەلایەن (پێنوێنی ملیاردێرانی بلومبێرگ)ـەوە تۆمار کراوە. 
 
لەگەڵ خێراتربوونی گەشەسەندنی AI، پشکەکانی ئۆراکڵ لەم ساڵدا 103% بەرزبووەتەوە.
 
بۆ یەکەمجار مەسک لە 2021 ناسناوی دەوڵەمەندترینی بەدەستهێنا. مەسک دوو جار ناسناوەکەی لەدەستداوە،  لە ساڵی 2021ـدا بۆ ماوەیەکی کاتی بە بێرنارد ئارنۆڵت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری LVMH و لە ساڵی 2024ـیشدا بە جێف بێزۆسی دامەزرێنەری ئەمازۆن.
 
بۆ ئێلیسن، رێگەی بوون بە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان بۆ ساڵی 1977 دەگەڕێتەوە، کاتێک وازی لە زانکۆ هێنا و یارمەتی دامەزراندنی ئۆراکڵی دا.
 
ئەم ملیاردێرە 81 ساڵانە، خاوەنی 98٪ـی دوورگەی لانای هاوایە.
 
ئێلیسن پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا هەیە، زۆرجار لەگەڵیدا لە کۆشکی سپی بۆ بۆنە تەکنەلۆژییە جۆراوجۆرەکان دەردەکەوێت.