کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باشوور کە ئێستا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی لەناکاوی ئەنجوومەنەکە سەبارەت بە بۆردوومانی دوێنێی ئیسرائیل سەر قەتەر بۆ سبەی دواخرا.
رۆژی چوارشەممە 10ی ئەیلوولی 2025، کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، "ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای قەتەر، کۆبوونەوەی لەناکاوی ئەمڕۆی سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ دوانیوەڕۆی سبەی دواخست". دەشڵێت، "دواخستنەکە بۆ ئەوەیە کە سەرۆکوەزیرانی قەتەر بتوانێت بەشداری کۆبوونەوەکە بکات".
قەتەر، بەشداربوونی محەممەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی لە لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی ئاسایش پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ئیسرائیل رۆژی سێشەممە هێرشی مووشەکی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر و رایگەیاند، سەرکردە باڵاکانی حەماس، لەنێویاندا شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوە فەلەستینییەکەی کردووەتە ئامانج، ئەوەش لەکاتێکدا شاندەکە سەرقاڵی گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پێشنیازێکی ئاگربەست.
قەتەر هێرشەکەی وەک پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرییەکەی شەرمەزارکرد، هەروەها چەندین وڵات کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکە هەبوو، زۆربەیان سەرکۆنەیان کرد.
دوای هێرشەکە ژمارەیەک بەرپرسی حەماس بە میدیای قەتەریان راگەیاند، لە هێرشەکەدا دانوستاندنکارانی بزووتنەوەکە کراونەتە ئامانج.
حەماس گوتی، هێرشەکە لە کاتێکدا روویداوە کە شاندی دانوستاندنکاری بۆ تاوتوێکردنی نوێترین پێشنیاری ئاگربەست کە لە لایەن ئەمریکاوە پێشکێش کراوە لە کۆبوونەوەدا بوون.
سوهەیل هندی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس دەڵێت، سەرکردایەتیی گرووپەکە لە دەوحە کراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ بەرپرسێکیان نەکوژراوە.
لەنێو ئەوانەی کرابوونە ئامانج، سەرکردە باڵاکانی وەک خەلیل حەییە و خالید مەشعەل هەبوون.
بەگوتەی سوهەیل هندی، لە ئەنجامی هێرشەکە یەکێک لە کوڕەکانی خەلیل حەییە بەناوی هومام، هەروەها یەکێک لە یاریدەدەرە باڵاکانی خەلیل حەییە کوژراون.