5 وڵاتی زلهێزی رۆژئاوا: سەرکۆنەی هێرشی حەماس بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیری خۆیان بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە، هێرشەکانی حەماس بە "تیرۆریستی" ناودەبەن و دەڵێن، دەبێت لەلایەن تەواوی جیهانەوە سەرکۆنە بکرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، هەریەکە لە ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و سەرکۆنەی هێرشەکانی حەماسیان بۆ سەر ئیسرائیل کرد. 
 
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە بە روونی رایدەگەیێنین کە کارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی حەماس هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، هیچ رەوایەتییەکی نییە و پێویستە لەلایەن تەواوی جیهانەوە سەرکۆنە بکرێت."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 8-10-2023 لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند کە فەرمانی کردووە، کەشتییە دەریاییەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست نزیک ببنەوە. 
 
رۆژێک دوای ئەوە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە "هاوکاریی دیپلۆماسی، هەواڵگری و ئەمنی" پێشکەش بە ئیسرائیل بکات، ئەگەر پێویست بکات. 
 
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی "بەپەلە" لەسەر دۆخی ئیسرائیل و بارودۆخی ناوچەکە بکەن.
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو. تاوەکو ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن. 
 
تائێستا بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، 704 کەس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 4000 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 900 کەس لە ئیسرائیل لە شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون.