پۆڵەندا بۆ رووداو: ئەم ساڵ 3,000 بیانی مافی پەنابەرییان وەرگرتووە

رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگەی بیانییەکانی پۆڵەندا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 10 هەزار و 300 بیانی داوای مافی پەنابەرییان لەو وڵاتە کردووە و سێ هەزار بیانی بڕیاری "ئەرێنی"یان وەرگرتووە. هەروەها 400 هەزار داواکاریی پەنابەریی دیکەیان "رەتکراونەتەوە" یان "هەڵوەشێندراونەتەوە".
 
پێنجشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2025، یاکوب دۆدزیاک، گوتەبێژی دەزگەی بیانییەکان لە وارشۆ، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئامارەکانی کۆچبەرانی راگەیاند و نوێترین ئامارەکانی داواکارییەکانی پەنابەری ئاشکرا کرد.
 
پۆڵەندا نزیکەی 16 هەزار پاسەوانی لە دژی کۆچبەری نایاسایی لەسەر سنوورەکانی دامەزراندووە.
 
بۆ کەمکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی، حکومەتی پۆڵەندا لە تەممووزی 2025ـەوە دەستی بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک رێکار کردووە. لەوانە کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا، بیلاڕووسیا و لیتوانیا.
 
وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا لە 1ی تشرینی یەکەم لەسەر پلاتفۆرمی X رایگەیاند، کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی ئەو وڵاتە و ئەڵمانیا تاوەکو 4ی نیسانی 2026 درێژکراوەتەوە. لەسەر X وەزیری ناوخۆ مارسین کیروینسکی رایگەیاند: "ئێمە کۆنتڕۆڵەکان درێژ دەکەینەوە بۆ ئەوەی رێگەی کۆچکردن کۆنتڕۆڵ بکەین کە لە وڵاتانی باڵتیکەوە بەرەو رۆژئاوای ئەورووپا دەچێت. ئێمە ئەو کەسانە دەستگیر دەکەین کە هەوڵ دەدەن بە قاچاخ کۆچبەران ببەنە رۆژئاوا."
 
لە 2ی ئابی ئەم ساڵیش، مارسین کیروینسکی لە پرێس کۆنفڕانسێکدا رایگەیاند، کە پاسەوانی سنووری پۆڵەندا نزیکەی 16 هەزار فەرمانبەری لەسەر سنوورەکانی دامەزراندووە و بڕیارە ژمارەیان بە 2 هەزار و 500 پاسەوانی دیکە زیاد بکرێت.
 
کیروینسکی لەو چوارچێوەیەدا رایگەیاند، کە ئەوان پلان دادەنێن بەردەوام بن لە کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان بە تووندی بۆ کەمکردنەوەی کۆچبەریی نایاسایی.
 
کیروینسکی ئەو کاتە لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا، بیلاڕووسیا و ئۆکراینا گوتبووی: "لێرە لەسەر سنووری رۆژهەڵات شەڕێکی راستەقینە لەگەڵ کۆچبەری نایاسایی روودەدات."
 
بە گوتەی ئەو، تاوەکو ئەو کاتە 140 ملیۆن یۆرۆ بۆ "بەهێزکردنی" ژێرخانی سنوورەکانی نێوان ئەو وڵاتە و بیلاڕووسیا خەرج کرابوو. کیروینسکی رایگەیاند، ئەو ژێرخانە سنوورییە پێکدێت لە سیستمەکانی چاودێریی ئەلیکترۆنی و بەرگریی تەکنیکی.
 
بەپێی زانیارییەکانی وەزیری ناوخۆ، بەربەستی ئەلیکترۆنیی سەر رووباری بوگ، لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا و بیلاڕووسیا دامەزراوە و "هەوڵەکانی تێپەڕاندنی سنووریی نایاسایی بە شێوەیەکی راستەوخۆ تۆمار دەکات."
 
پۆڵەندا: بیلاڕووسیا هەوڵ دەدات بە کۆچبەریی نایاسایی دۆخی ئەورووپا تێک بدات
 
یەکێتیی ئەورووپا و بەتایبەتی پۆڵەندا دەڵێن، دەسەڵاتدارانی بیلاڕووسیا رێگە بۆ کۆچبەرانی نایاسایی خۆش دەکەن بۆ ئەوەی روو بکەنە وڵاتانی ئەورووپی. بە گوتەی ئەورووپا، ئەمە تۆڵەسەندنەوەیەکی بیلاڕووسیایە لە دژی ئەوان، چونکە ئەوان، سەرۆکی ئەو وڵاتە، ئەلێکساندەر لوکاشینکا، وەک دیکتاتۆرێک ناویان بردووە و سزایان بەسەریدا سەپاندووە.
 
لە سەرەتای ساڵی 2021 بیلاڕووسیا ئاسانکاریی بۆ دانی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد. لە ئەنجامدا شەپۆلێکی کۆچبەرانی کوردانی هەرێمی کوردستان خۆیان گەیاندە بیلاڕووسیا و لەوێوە بە یارمەتیی قاچاخچییەکان هەوڵیان دەدا بچنە پۆڵەندا و بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە ئەڵمانیا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە.
 
بەڵام رێگەی قاچاخ بەنێو دارستانەکانی پۆڵەندادا تێپەڕ دەبێت و بۆ زۆربەی کۆچبەران زۆر سەخت بوو.