تەقینەوەی کارگەیەکی تەقەمەنی لەنزیک ناشڤیڵی ئەمریکا بووە هۆی کوژرانی لانیکەم دوو کەس
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە کارگەیەکی دروستکردنی مادەی تەقەمەنی لەنزیک ناشڤیڵ لە ویلایەتی تێنیسیی ئەمریکا، چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و بێسەروشوێنن.
دەزگا ئەمنییەکانی ویلایەتی تێنسی پشتڕاستیان کردەوە، تەقینەوەکە "گەورە" بووە و لە کۆمپانیای ئەکیورت ئینێرجێتیک سیستمز لە شاری هیکمان لە ویلایەتی تێنسی روویداوە.
بەگوێرەی پۆلیسی شارەکە، "چەندین" کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتنی ناوچەی هەمفری رایگەیاند، لانیکەم 19 کەس بێسەروشوێنن و چەندینی دیکەش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
تیمە فریاگوزارییەکان لە شوێنی تەقینەوەکەن و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەن.
دامودەزگەکان داوایان لە خەڵک کردووە لە ناوچەکە دووربکەونەوە بۆ ئەوەی رێگە بدەن تیمەکانی فریاکەوتن کارەکانیان بکەن؛ هەروەها داوا لە ئەندامانی خێزانی کوژراوان و بێسەروشوێنبووان کراوە بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، سەردانیان بکەن.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی کۆمپانیاکە، ئەکیورت ئینێرجێتیک سیستمز لە ساڵی 1980 دامەزراوە و "تایبەتە بە پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، مامەڵەکردن و کۆگاکردنی بەرهەمە تەقەمەنییەکان کە لە هەردوو کەرتی بەرگری و بازرگانی بەکاردەهێنرێن."