داوای دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سوێد دەکرێت؛ 8 ساڵە راگیراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو پەرلەمانتاری سوێد پڕۆژەیەکیان بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان ئامادە کردووە، بۆئەوەی سەرلەنوێ دەست بە گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە سوێدەوە بۆ باشووری کوردستان و بە پێچەوانەشەوە بکرێتەوە.
 
وەک لە پڕۆژەکەی ئەو دوو پەرلەمانتارەدا دەردەکەوێت، لە ساڵی 2017وە و لەکاتی شەڕی داعشەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی بۆ سوێد راوەستاون، هۆکاری راوەستانەکەش بڕیاری ئەوکاتی حکومەتی سوێد بووە، کە پێیوابووە مەترسیی ئەمنی بۆ ئەو گەشتە راستەوخۆیانە لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەن.
 
هەریەکە لە سەرکان کۆسە و ئولا موێلەر ئەو دوو پەرلەمانتارەن کە واژۆیان لەسەر پرۆژەکە کردووە. سەرکان کۆسە کوردە و ساڵانێکی زۆرە لە پەرلەمانی سوێد پشتیوانی لەو دۆزانە دەکات کە پەیوەندیدارن بە کوردستانەوە، ئولا موێلەریش سەرۆکی تۆڕی سوێد - کوردستانە لەنێو پەرلەمانی سوێد، کە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری پشتیوانیکار لە پەیوەندییەکانی سوێد و کوردستان پێکهاتووە.
 
لە پرۆژەکەی ئەو دوو پەرلەمانتارەدا دەردەکەوێت تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعشیش بەو هۆیەوە گەشتەکان هەر راگیراون، چونکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق هێزی چەکداری دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەن. ئەو دوو پەرلەمانتارە دەڵێن، هیچ پاساوێک نەماوە و پێویستە ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکرێت، چونکە دیاسپۆرای کوردی لە سوێد نیگەران کردووە و هەست دەکەن جیاوازییان پێدەکرێت.
 
هەر لەسەر ئەم مژارە لە بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو گفتوگۆ لەگەڵ شۆڕش قادر رەحیم، نوێنەری حکومەتی کوردستان لە سوێد کرا، کە ساڵەهایە لەسەر ئەو کەیسە کار دەکات. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوێد، تیشکی خستە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی نێوان سوێد و کوردستان، کە لە ساڵی 2017وە راگیراون، ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتی راستەوخۆ لەلایەن دەزگای هاتووچۆی سوێدەوە دراوە، ئەمەش بەهۆی ئەو راپۆرتانەی کە هەر 6 مانگ جارێک لەلایەن دەزگایەکی یەکێتیی ئەورووپاوە دەنووسرێن سەبارەت بە بوونی ترس لەسەر ئاسمانی عێراق، هەرچەندە ئەم راپۆرتانە تەنیا پێشنیازن، بەڵام حکومەتی سوێد بەهۆیەوە بڕیاری داوە گەشتە راستەوخۆکان رابگرێت.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە سوێد لەدوای ساڵی 2017وە پەیوەندیی بە دەزگای هاتووچۆی سوێد، حکومەتی سوێد و پەرلەمانی سوێدەوە کردووە، بۆئەوەی هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ ئەو راپۆرتانە بکرێت، ئەو راپۆرتەی کۆتایی باس لە ترسی هەندێک میلیشیا دەکات کە لە هەرێمی کوردستان بوونیان نییە، بۆیە داوا لە پارتە سوێدییەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کراوە، هەڵسەنگاندنی نوێ بکەنەوە بۆ گەشتە راستەوخۆکان.
 
شۆڕش قادر مژدەی ئەوەی دا، دوو پەرلەمانتاری سوێدی پێشنیازێکیان بەرز کردووەتەوە بۆ پەرلەمانی سوێد، تێیدا داوا کراوە گەشتە راستەوخۆکان بۆ هەرێمی کوردستان (هەولێر و سلێمانی) دەستپێبکەنەوە. پەرلەمانتاران لە پێشنیازەکەدا ئاماژەیان بەوە داوە، دیاسپۆرای کوردی لە سوێد هەست بە جیاوازیپێکردن دەکات بەهۆی ئەم بڕیارەوە، لە کاتێکدا کە کوردی سوێد هاتووچۆیەکی زۆری کوردستان دەکەن و لە وڵاتانی دراوسێ، وەک دانیمارک، گەشتی راستەوخۆ هەیە.
 
سەبارەت بە جیاوازی لەگەڵ وڵاتانی وەک دانیمارک و ئەڵمانیا، کە گەشتی راستەوخۆیان هەیە، شۆڕش قادر روونیکردەوە، یاسای وڵاتەکان جیاوازن، لە دانیمارک و ئەڵمانیا، بەرپرسیارێتیی ئەمنییەتی گەشتیار لەسەر خەتی فڕۆکەوانەکە دەبێت، بەڵام لە سوێد، یاساکە ئەمنییەتی هاووڵاتییان لەسەر حکومەت دادەنێت، بۆیە بڕیاری قەدەخەکردن دراوە.
 
سەبارەت بە کاتی گەیشتن بە بڕیارێکی کۆتایی، شۆڕش قادر ئاشکرای کرد، پرۆسەکە چەند قۆناخێک دەگرێتەوە کە ئەوانیش نووسینی پێشنیاز، پشتگیریکردنی لەلایەن حیزبی پەرلەمانتارەکانەوە، چوونە ناو لیژنەی هاتووچۆ لە پەرلەمانی سوێد، پاشان گفتوگۆکردن لە پەرلەمان، ئەم پرۆسەیە لەنێوان دوو سێ مانگ تاوەکو 6 مانگ دەخایێنێت و بەپێی پێشبینییەکان، بڕیارێک لەسەر گەشتە راستەوخۆکان لە کۆتایی بەهاری ساڵی 2026 بدرێت.
 
شۆڕش قادر جەختی لەوە کردەوە، دەستپێکردنەوەی گەشتە راستەوخۆکان سوودێکی زۆری دەبێت بۆ سوێد و هەرێمی کوردستان، لە سوێد زیاتر لە 150 هەزار کوردستانی دەژین، کە پێشتر گەشتێکی زۆریان دەکرد، ئەم گەشتانە سوودی بۆ کۆمپانیا سوێدییەکان و گەشتیارانی دراوسێش هەبوو، هەروەها راگرتنی گەشتەکان بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت دیپۆرتکردنەوەی هەندێک گەشتیار بە گشتی، دەستپێکردنەوەی گەشتە راستەوخۆکان سوودی بۆ ژینگە، ئاسانکاری گەشت و بووژانەوەی پەیوەندییە بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکان دەبێت.

 

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شۆڕش قادر رەحیم، نوێنەری حکومەتی کوردستان لە سوێد:
 
رووداو: کاک شۆڕش قادر رەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ستۆکهۆڵم بەخێربێن بۆ رووداو، ئەگەر بۆ کەسێک باسی بکەیت، هەشت ساڵی دوورودرێژ گەشتی ئاسمانی لە نێوان کوردستان و سوێد، رەنگە بڕوای پێنەکات، دیاسپۆرایەکی گەورەی کوردی لە سوێد هەیە و وەکو دەڵێن پەیوەندییەکەش پەیوەندییەکی دیرۆکی و مێژووییە، چۆن دەکرێت تاوەکو ئێستا ئەمە هەر بەردەوام بێت؟ یانی نەبوونی گەشتی راستەوخۆ پێویست نەبووە یان هۆکاری دیکەی هەبووە؟
 
شۆڕش قادر: پێشەکی سڵاو کاک هێمن، پرسیارێکی جوانە، ئێمە وەکو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوێد لە 2017وە کە ئەم بڕیارە درا لەلایەن دەزگای هاتوچۆی سوێدەوە کە فڕۆکەی راستەوخۆ بۆ عێراق و کوردستان قەدەخەکرا، ئێمە پەیوەندیمان بە دەزگای هاتوچۆی سوێد کردووە، بە حکومەتی سوێد کردووە، بە پەرلەمانی سوێد کردووە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن لەسەر ئەو راپۆرتەی کە هەر شەش مانگ جارێک لەلایەن دەزگایەکی یەکێتییی ئەورووپاوە دەنووسرێت کە ترس هەیە لەسەر ئاسمانی عێراق، ئەو راپۆرتە هەرچەند پێشنیازە یاخود رێکۆمێندەیشنێکە، بەڵام وڵاتی سوێد وا بڕیاردابوو کە فڕۆکەی راستەوخۆ بۆ عێراق قەدەخە بکات، ئێستا دوواین راپۆرتی ئەو دەزگایە باسی ترسی هەندێک میلیشیا دەکات کە ئەو میلیشیانە لە هەرێمی کوردستان نین، لەبەر ئەوە داوامانکردووە لە پارتە سوێدییەکان، لە حکومەتی سوێد، لە پەرلەمانی سوێد کە هەڵسەنگاندنێکی نوێ لەسەر ئەو راپۆرتە بکات بۆ ئەوەی بۆچوونێکی نوێ لەسەر فڕۆکەی راستەوخۆ بدرێت، ئێستا خۆشبەختانە دوو ئەندام پەرلەمانی سوێدی پێشنیازێکیان بەرزکردووەتەوە بۆ پەرلەمانی سوێدکە دەبێت فڕۆکەی راستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ سلێمانی و هەولێر دووبارە دەست پێبکاتەوە.
 
رووداو: بەڵێ، ئێمە سوێدی نازانین، بەڵام پێشنیازەکە بە کوردی بە سوپاسەوە بۆتان ناردووین، یەکێک لەو شتانەی کە بۆ من سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن دیاسپۆرای کوردی لە سوێد هەست دەکات کە جیاوازی پێدەکرێت، هەست دەکەن کە ئەمە شتێکی زۆر خراپە ئەو بڕیارەی کە دراوە، ئێوە کە نزیکن لە دیاسپۆرای کوردی، بەڕاستی خەڵکێکی زۆر گلەیی دەکات، چونکە ئەوەندەی من بزانم کوردی سوێد هاتوچۆی کوردستان دەکەن، مەسەلەن لە دانیمارکەوە راستەوخۆ هەیە، دانیمارکیش زۆر دوور نییە لە ئێوە.
 
شۆڕش قادر: وایە، خۆی وڵات بە وڵات یاساکەی جیاوازە، دانیمارک و ئەڵمانیا ئەوانە سێ وڵاتن فڕۆکەی راستەوخۆ هەیە، یاسای ئەو وڵاتانە جیاوازە لەگەڵ یاسای سوێد، ئەو وڵاتانە دەڵێن ئاسایشی گەشتیارەکە لەسەر هێڵی ئەو فڕۆکەیەیە، بەڵام لە یاسای سوێد جیاوازە و حکومەتی سوێد خۆی راستەوخۆ ئاسایشی هاووڵاتییان یاخود گەشتیاران هەڵدەگرێت، لەبەر ئەوە بڕیاری داوە.
 
رووداو: بەڵێ کاک شۆڕش. ئەگەر وا تەماشای بکەین، ئەمە پێشنیازە و دوو پەرلەمانتار ناردوویانە، ئێوە وەک نوێنەرایەتی حکومەت دەزانم رەنگە هانی ئەوانە بدەن کە بڕیاردەرن لەوێ کە ئەو بڕیارە دەربچێت، ئەوەی کە بیستووتانەتەوە و گوێتان لێبووە، رێی تێدەچێت تاوەکو کۆتایی ساڵ وەک دەڵێن مژدەیەکیش بێت بۆ کوردی سوێد؟ شتێکی وا ئەبێ گەشتی راستەوخۆ دەست پێبکاتەوە؟
 
شۆڕش قادر: هیوادارم، بەڵام خۆی هەر بە گشتی ئەم پێشنیازانە چەند قۆناخێکن، قۆناخی یەکەم ئەوەیە پێشنیازەکە دەنووسرێت، لەناو ئەو مانگە تەواو بوو، قۆناخی دووەم ئەو حیزبانەی کە ئەندامی لە پەرلەمان هەیە پشتیوانیان بکات،  ئێستا ئەوەش ئەو قۆناخەش تەواو بووە، قۆناخی سێیەم ئەوەیە بچێتە لیژنەی هاتووچۆ لە پەرلەمانی سوێد و چوارەمیش لە پەرلەمانی سوێد گفتوگۆی لەسەر بکرێت، ئەمە دەتوانێت لە نێوان دوو سێ تاوەکو شەش مانگی پێ بچێت، لەوانەیە لە کۆتایی بەهاری ساڵی2026 بڕیارێکی لەسەر بدرێت.
 
رووداو: قازانجی دەرچوونی بڕیارێکی وا بۆ بزنسی سوێدی، یان خەڵکی غەیرە کوردیش لە سوێد بۆ کوردستان چییە؟
 
شۆڕش قادر: بەڵێ وەک خۆتان دەزانن سوێد لە سەرووی 150 هەزار کوردستانی لێیە و ئێمە پێشتر لە پێش 2017 رۆژانە فڕۆکەی راستەوخۆ هەبوو لە نێوان ستۆکهۆڵم و هەولێر و سلێمانی، هەندێک رۆژ لە سەرووی دوو سێ فڕۆکە دەردەچوو نەک بەس بۆ کوردستان، بۆ عێراقیش، بۆ سوێدیش باش بوو، سەرەڕای گەشتیارێکی زۆر لە وڵاتانی دراوسێ نەرویج، دانیمارک، فینلەندا دەهاتن لە سوێدەوە گەشتیان دەکرد بۆ ئەو کۆمپانیانەی کە ئێستا کار لە کوردستان دەکەن، هانیان دەدات بەردەوام بن لە ئیشەکەیان، ئێستا لە سوێد وەکو باسمکرد کوردێکی زۆری لێیە، ئێستا نەوەی سێیەم و چوارەمیش هەیە،  ئەمانە راستە وەکو هەیکەل کوردن، بەڵام لەناو سوێدییەکان متمانەیان بە دام و دەزگای سوێد هەیە، لەبەر ئەوە بڕیارێکی ئاوەها ترس لای ئەوانیش دروست دەکات، کێشەی کۆمەڵایەتیش دروست دەکات کە منداڵەکان نایانەوێت سەفەر بۆ کوردستان بکەن، ئێستا ئەگەر حکومەتی سوێد بڕیارێکی وا بدات یان پەرلەمانی سوێد بڕیار بدات کە فڕۆکەی راستەوخۆ دەکرێتەوە، بێگومان ئەو کاتە دەرگایەکی نوێ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی گەشتەکان بەردەوام بێت، وەک خۆتان دەزانن ئێستا ئێمە زۆرمان کە دەگەڕێینەوە کوردستان لە رێگای وڵاتانی دەوروبەر دەگەڕێینەوە، لە رێگای ئەڵمانیا یاخود قەتەر یان تورکیا و هەندێکجار رووداوی وا روویداوە کە گەشتیار لە سوێدەوە چووە دیپۆرتکراوە، ئەگەر لە هەزار کەس یەکێکیش دیپۆرت بکرێتەوە ئەوا 999  کەسەکەی دیکە  قەلەق دەبێت و لەوانەیە گەشت نەکات بۆ کوردستان، لە رووی ژینگەشەوە، یانی بۆ ژینگەش باش دەبێت، بۆ فڕۆکە یەکجار سەفەر بکات بۆ کوردستان لەوەی کە دوو سێ جار ترانزێت بکات، لەبەر ئەوە لە هەموو بوارێکەوە بۆ سوێد و بۆ کوردستان باشە.
 
رووداو: سوپاست دەکەم. هیوادارم کوردی سوێد، دیاسپۆرانشینانی سوێدبەم نزیکانە هەواڵی خۆش لەسەر گەشتی راستەوخۆ بۆ کوردستان ببیستن. شۆڕش قادر رەحیم، نوێنەری حکومەتی کوردستان لە ستۆکهۆڵم سوپاس کە میوانمان بووی.
 
شۆڕش قادر: سوپاس بۆ ئێوە، سوپاس.