لانیکەم 19 کەس لە تەقینەوەکەی نزیک ناشڤیڵی ئەمریکا بێسەروشوێنن و گومان دەکرێت گیانیان لەدەستدا بێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پۆلیسی ویلایەتیی تێنیسیی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەی لە کارگەیەکی مادەی تەقەمەنی لە نزیک شاری ناشڤیڵ روویدا، لانیکەم 19 کەس بێسەروشوێنن و گومان دەکرێت مردبن.
کریس دەیڤس، بەرپرسی پۆلیسی ناوچەی هەمفری گوتی: "لەم کاتەدا دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە هێشتا بە دوای 19 کەسدا دەگەڕێین" کە بێسەروشوێنن.
گوتیشی: "دەتوانم بڵێم کە گیانلەدەستدانمان هەیە. نامەوێ هیچ ژمارەیەک بڵێم. دەتوانم پێتان بڵێم، ئێمە بە دوای 19 کەسدا دەگەڕێین".
دەزگا ئەمنییەکانی ویلایەتی تێنیسی پشتڕاستیان کردەوە کە تەقینەوەکە "گەورە" بووە و لە کۆمپانیای ئەکیورت ئینێرجێتیک سیستمز لە شاری هیکمان روویداوە.
بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، لانیکەم 4 کەس بە برینداری گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
تیمە فریاگوزارییەکان لە شوێنی تەقینەوەکەن و سەرقاڵی گەڕانن.
دامودەزگەکان داوایان لە خەڵک کردووە لە ناوچەکە دووربکەونەوە بۆ ئەوەی رێگە بدەن تیمەکانی فریاکەوتن کارەکانیان بکەن؛ هەروەها داوا لە ئەندامانی خێزانی کوژراوان و بێسەروشوێنبووان کراوە بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، سەردانیان بکەن.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی کۆمپانیاکە، ئەکیورت ئینێرجێتیک سیستمز لە ساڵی 1980 دامەزراوە و "تایبەتە بە پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، مامەڵەکردن و کۆگاکردنی بەرهەمە تەقەمەنییەکان کە لە هەردوو کەرتی بەرگری و بازرگانی بەکاردەهێنرێن."