دوای دەستکاریکردنی بەڵگەفیلمک لەبارەی ترەمپ، بەڕێوەبەری BBC دەستی لەکار کێشایەوە


رووداو دیجیتاڵ

تیم دەیڤی، بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵی بی بی سیی بەریتانی، لەگەڵ دیبۆرا تێرنێس، بەڕێوەبەری ژووری هەواڵی کەناڵەکە، رۆژی یەکشەممە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوە هات کە تۆمەتبار کران بە دەستکاریکردنی بەڵگە فیلمێک لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
 
کێشەکە پەیوەندی بە بەڵگەفیلمێکەوە هەیە بەناوی "ترەمپ: دەرفەتی دووەم؟" کە پێش هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی ئەمریکا پەخش کرا.
 
دەگوترێت، لە فیلمەکەدا ڤیدیۆیەکی قسەکانی 6ی کانوونی دووەمی 2021ی ترەمپ بە شێوەیەکی "چەواشەکارانە" دەستکاری کراوە.
 
لە ڤیدیۆ دەستکاریکراوەکەدا وا نیشان دەدرێ کە ترەمپ بە لایەنگرانی دەڵێت، لەگەڵیاندا دەچێتە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس و "وەک دۆزەخ شەڕ دەکەن."
 
لە ڤیدیۆ راستەقینەکەدا ترەمپ داوا لە لایەنگرانی دەکات پشتیوانی لێ بکەن و "هانی سیناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێس" بدەن بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن پەسند نەکەن. 
 
دۆناڵد ترەمپ بە هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری بی بی سی دڵخۆش بوو و گوتی: "رۆژنامەڤانە گەندەڵەکان" ئاشکرا بوون؛ گوتیشی: "ئەمانە خەڵکی زۆر ناڕاستگۆن کە هەوڵیان دا دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بکەن."
 
بەڕێوەبەری بی بی سی لە کاتی دەستلەکارکێشانەوەیدا رایگەیاند: "بی بی سی بێ کەم و کوڕی نییە و دەبێت هەمیشە کراوە و شەفاف بین. دەبێ من بەرپرسیارێتیی کۆتایی لە ئەستۆ بگرم."
 
لیزا لاندی، وەزیری کولتوور، میدیا و وەرزشی بەریتانیا تۆمەتەکانی بە "زۆر زۆر مەترسیدار" ناوبردن و گوتی، کێشەکە تەنیا پەیوەندی بەو فیلمەوە نییە، بەڵکو "کۆمەڵێک تۆمەتی زۆر مەترسیدار هەن کە مەترسیدارترینیان ئەوەیە کە لە بی بی سی لایەنگرییەکی سیستماتیک هەیە لە شێوازی رووماڵکردنی بابەتە هەستیارەکاندا."
 
ئەمە یەکەمجار نییە بی بی سی رووبەڕووی کێشە ببێتەوە. پێشتریش بی بی سی داوای لێبووردنی کردبوو لەسەر "کەموکوڕیی گەورە" لە دروستکردنی فیلمێکی دیکەی دۆکیومێنتاری لەسەر غەززە.