زیلینسکی: ئەگەر ئاسایش دابین بکرێت، بۆ هەڵبژاردن ئامادەم
رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێ، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئامادەیە، بەو مەرجەی ئاسایش بۆ پرۆسەی دەنگدان لەو وڵاتە دابین بکرێ. ئەم لێدوانەی لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە کیێڤی بە "بەکارهێنانی جەنگ" بۆ خۆدزینەوە لە هەڵبژاردن تۆمەتبارکرد.
زیلینسکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا گوتی، "بۆ هەڵبژاردن ئامادەم" و رایگەیاند، داوای لە پەرلەمانتاران کردووە "پێشنیاز ئامادە بکەن سەبارەت بە ئەگەری هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە کاتی یاسای سەربازیدا."
یاسای سەربازیی ئۆکراینا کە لە 24ـی شوباتی 2022ەوە کاری پێدەکرێت، رێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی جەنگدا دەکات.
زیلینسکی گوتی، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێ، دەبێت سەرەتا ئاسایش دابین بکرێ و داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد یارمەتی بدەن بۆ دڵنیابوونەوە لەمە و گوتی، "ئێستا داوا دەکەم، بە ئاشکرا ئەمە رادەگەیەنم، داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەم یارمەتیم بدات، بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن."
رۆژانە شارەکانی ئۆکراینا بە درۆن و مووشەکی رووسیا بۆردوومان دەکرێن، لە کاتێکدا سەتان هەزار ئۆکراینی لە بەرەکانی جەنگدان.
زیلینسکی ئاماژەی بەوەشکرد، پلانی یەکەمی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەسەر چەند دۆسیەیەکدا دابەشکراوە، لەوانەش رێککەوتنێکی 20 خاڵی و دوو کاخەزی جیا کە یەکێکیان تایبەتە بە گەرەنتییە ئەمنییەکان و ئەوی دیکەیان لەبارەی بووژانەوەی ئۆکراینایە لە دوای جەنگ.
سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆ لەسەر ئەم خاڵانە دەکەین و لەگەڵ ئەوروپییەکانیش دەستمانپێکردووە." زیلینسکی هیوای خواست رۆژی چوارشەممە وەشانی نوێی پلانەکە بۆ ئەمریکا بنێرێ.
زیلینسکی ئاماژەی بە پێویستی بەئەندامبوونی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد و گوتی، "بەڕاستی دەمانەوێ لەنێو ناتۆدا بین. بە بڕوای من، ئەمە دادپەروەرانەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەزانین کە نە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نە چەند وڵاتێکی دیکە، بە راشکاوی بڵێم، لەم کاتەدا ئۆکراینا لەنێو ناتۆدا نابینن."