کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی: کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە دەست ئێران رزگار بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
جۆی ویڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کاتی ئەوە هاتووە عێراق لەژێر هەژموونی ئێران رزگار بکرێت. هۆشداریش دەدات کە چیدی کۆنگرێس "چەکی سپی" بۆ حکومەتی عێراق واژۆ ناکات و کۆمەڵێک مەرجی نوێ بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییەکان دەخاتەڕوو، کە یەکێکیان پاراستنی هەرێمی کوردستانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-12-2025، جۆی ویڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پشتیوانیی خۆی بۆ سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دەربڕی و رایگەیاند: "کۆنگرێس ئامادەیە پشتیوانی لە هەوڵەکانی سەرۆک ترەمپ بکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە عێراق مەزن بکاتەوە."
جۆی ویڵسن ئاشکرای کرد، لە یاسای نوێی رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی (NDAA)، کۆنگرێس بڕگەی نوێی زیاد کردووە، مەرج بۆ هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکان دادەنێت.
ویڵسن دەڵێت: "بۆ یەکەمجار لە مێژوودا مەرج داندراوە کە عێراق هەنگاوی راستەقینە بنێت بۆ وەستاندنی پشتیوانیی میلیشیاکانی سەر بە ئێران." جەختیشی کردەوە کە یاساکە "رێگری دەکات لە رۆیشتنی دۆلاری باجدەرانی ئەمریکا بۆ فەیلەقی بەدر و هەر میلیشیایەکی دیکەی سەر بە ئێران."
"عێراق لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە"
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رەخنەی تووندی لە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گرت و بە "شکستخواردوو" وەسفی کرد. بە بڕوای ویڵسن، بەرپرسانی ئیدارەی پێشوو لەوانە برێت مەکگۆرک "بە کردار وەک پارێزەر بۆ هێزەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق کاریان کردووە."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق، ویڵسن دەڵێت: "عێراق لە رووی سەربازی، ئەمنی، دادوەری، پۆلیس و سیستەمە سیاسییەکەیەوە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی ئێران."
ئەو کۆنگرێسمانە دەشڵێت: "گرنگ نییە کێ هەڵبژاردن دەباتەوە یان حکومەت پێکدەهێنێت، چونکە تەواوی وڵاتەکە بە قوڵی لەلایەن ئێرانەوە دزەی تێدا کراوە، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی عێراقییەکان وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆیان دەوێت."
مەرجەکانی کۆنگرێس بۆ عێراق
جۆی ویڵسن هۆشداری دا کە "کۆنگرێس بەردەوام نابێت لە پێدانی چەکی سپی بۆ هەتاهەتایە".
ویڵسن دەڵێت، بۆ ئەوەی عێراق دەرفەتی گەشەکردن بەدەستبهێنێت، دەبێت ئەم مەرجانە جێبەجێ بکات:
- کۆتاییهێنان بە دابینکردنی دارایی بۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران (حەشدی شەعبی و میلیشیاکان) لە رێگەی بودجەی فیدراڵی، بانکی ناوەندی یان وەزارەتی نەوتەوە.
- وەستاندنی پرۆسەی سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی بۆ ئێران.
- وردبینیی نێودەوڵەتی بۆ فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە سووتەمەنییەکان.
- هەنگاونانی راستەقینە بۆ داماڵینی چەکی هەمیشەیی سەرجەم میلیشیاکان.
- عێراق دەبێت بەردەوام بێت لە رێزگرتن لە ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێگەگرتن لە هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەو ئەندامەی کۆنگرێس رایگەیاندووە، عێراق دەتوانێت ببێتە نموونەیەکی درەوشاوە بە پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام "ئەمە روونادات ئەگەر بەردەوام بێت لەوەی وەک بووکەڵەیەکی ئێران مامەڵە بکات."