جۆ ویڵسن: کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە ئێران رزگار بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆماریی کۆنگرێسی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کە بە روونی بە بەرپرسانی عێراق گوتراوە کە مامەڵەکردنی ئاسایی و بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەلایەن ئەمریکاوە جێگەی قبووڵکردن نابێت و رایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە ئێران رزگار بکرێت."
 
ئەندامەکەی کۆنگرێس ئاماژەی بەوەدا کە عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ گەشەکردن و بووژانەوە ئەگەر رەفتاری خۆی بگۆڕێت و لە هەژموونی ئێران دووربکەوێتەوە.
 
وێڵسن، روونیکردەوە کە کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادەیە پاڵپشتیی تەواوی ترەمپ بکات لە رێگەی بڕگەی نوێوە لە یاسای بودجەی بەرگریی نیشتمانی دا، کە بۆ یەکەمجار یارمەتییەکان بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق مەرجدار دەکات. بەپێی ئەو مەرجانە، "پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوی کردەیی و بەرجەستە بنێت بۆ راگرتنی پاڵپشتیی دارایی و لۆجستی بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران."
 
ویڵسن، هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یاساکە بەردەوامە لە لەخۆگرتنی ئەو بڕگانەی کە ساڵانێکە سپۆنسەری کردوون و رێگری لە خەرجکردنی پارەی باجدەرانی ئەمریکا بۆ رێکخراوی بەدر و هەر میلیشیایەکی دیکەی سەر بە ئێران دەکەن. ئەو سوپاسگوزاری خۆی بۆ سەرکردایەتیی مارک ساڤایا دەربڕی و گوتی، "دڵنیام ئەم یاسایانە جێبەجێ دەکات، بە پێچەوانەی ئیدارە شکستخواردووەکەی بایدن، کە بەرپرسە باڵاکانی وەکو برێت مەکگۆرک، لە بنەڕەتدا وەکو پارێزەری بووکەڵەکانی ئێران لە عێراق کاریان دەکرد."
 
جۆ ویڵسن، دووپاتیکردەوە کە وەکو چەندین جار هۆشداریی داوە، عێراق خەریکە بەتەواوی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئێران. بە بڕوای ئەو، ئێران هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق بەڕێوەدەبات، کە ژمارەیەک رێکخراوی لەخۆدەگرێت، وەکو کەتائیبی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی. 
 
هەروەها باسی لەوە کرد کە دەسەڵاتی دادوەری عێراق لە "رێگەی دادوەری گەندەڵ وەکو فایەق زێدان کە هەمیشە بە قازانجی ئێران بڕیار دەدات، کۆنتڕۆل کراوە."
 
ویڵسن، رایگەیاند کە روون دەبێتەوە گرنگ نییە کێ هەڵبژاردنەکان دەباتەوە یان حکومەت پێکدەهێنێت، چونکە ئێران بە قووڵی دزەی کردووەتە نێو هەموو جومگەکانی وڵات، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی عێراقییەکان لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە خوازیاری وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆن بێ کاریگەریی زیانبەخشی ئێران. 
 
ویڵسن داوای لە عێراق کرد کە بە سەرکردایەتیی ترەمپ و مارک ساڤایا دەرفەتەکە بقۆزێتەوە و رەفتاری خۆی بگۆڕێت پێش ئەوەی درەنگ بێت.
 
بۆ گۆڕینی رەفتاری عێراق، ویڵسن، چەند خاڵێکی دیاریکرد:
 
- پێویستە کۆتایی بە پاڵپشتیی دارایی بۆ "بوکەڵەکانی ئێران" (وەکو هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی دیکە) بهێنرێت، چ لە رێگەی بودجەی فیدراڵیی عێراق و بانکی ناوەندی بێت، یان لە رێگەی وەزارەتی نەوتەوە. هەروەها دەبێت هەموو کردەیەکی سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی پارە بۆ ئێران رابگیرێت و وردبینییەکی نێودەوڵەتی بۆ فرۆشی هەموو بەرهەمە نەوتییەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بکرێت.
 
- پێویستە هەنگاوی کرداریی راستەقینە بگیرێتەبەر بۆ چەککردنی هەمیشەییی هەموو میلیشیا بوکەڵەکانی ئێران و کۆکردنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا.
 
- دەبێت حکومەت، دەسەڵاتی دادوەری، سوپا و پۆلیسی عێراق بڕیاری سەروەرانە لەپێناو خەڵکی خۆیان بدەن، نەک گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئێران و میلیشیا بوکەڵەکانی بن.
 
- عێراق دەبێت بەردەوام بێت لە رێزگرتن لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و رێگە نەدات یان هانی بەکرێگیراوانی سەر بە ئێران نەدات هێرش بکەنە سەر هەرێم.