بەریتانیا: پێویستە ئێران سزای عەلیڕەزا ئەکبەری رابگرێت و دەستبەجێ ئازادی بکات


رووداو دیجیتاڵ

خێزانی کەسێکی خاوەن وڵاتینامەی بەریتانی و ئێرانی کە لە تاران دەستگیرکراوە، بە میدیای بەریتانیای گوتووە، ئێران ئامادەکاری بۆ لەسێدارەدانی دەکات. بەریتانیاش داوای راگرتنی سزاکە و دەستبەجێ ئازاکردنی ئەو کەسە دەکات.
 
جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە تویتێکدا نووسیویەتی: "پێویستە ئێران لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری هاووڵاتیی بەریتانی- ئێرانی رابگرێت و دەستبەجێ ئازادی بکات."
 
مەریەمی هاوژینی عەلیرەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشووتری بەرگریی ئێران، بە میدیای بەریتانیای راگەیاندووە، ئێران ئامادەکاریی لەسێدارەدانی عەلیڕەزا دەکات. مەریەم ئاماژەی بەوە کردووە، هاوژینەکەی گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی تاکەکەسی کە ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی لەسێدارەدانی مسۆگەرە.
 
عەلیڕەزا ئەکبەری، لە ساڵی 2019 دەستگیرکرا و تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا"ـی درایەپاڵ، تۆمەتێک کە خۆی رەتیکردووەتەوە. 
 
میدیای بەریتانی دەڵێت، تۆمارێکی دەنگیی ئەکبەری-یان دەستکەوتووە کە تێیدا دەڵێت، ئەشکەنجەدراوە و ناچارکراوە لە بەردەم کامێرا دان بە هەندێ تاواندا بنێت کە نەیکردوون. 
 
عەلیڕەزا ئەکبەری باسی لەوە کردووە، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە دەرەوە ژیاوە، دواتر لە لایەن یەکێک لە دیپلۆماتە باڵاکانی ئێرانەوە کە لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا رۆڵی هەبووە، بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی سەردانی ئێران بکات. 
 
دوای ئەوەی کە گەیشتووەتە ئێران، بە گوتەی خۆی، تۆمەتبارکراوە بەوەی زانیاریی نهێنیی هەستیاری لە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاساییشی نیشتمانیی ئێرانەوە دەستخستووە و داویەتی بە بەریتانییەکان "لە بەرامبەر بوتڵێکی بۆن و کراسێک."
 
ئەکبەری پێشتر جێگری شەمخانی بوو، کاتێک کە شەمخانی لە 1997 تاوەکو 2005 وەزیری بەرگری بوو. 
 
چەند کاژێرێک دوای ئەوەی نامە دەنگییەکەی ئەکبەری رۆژی چوارشەممە لە میدیای بەریتانی بڵاوکرایەوە، ماڵپەڕی میزانی زمانحاڵی دەزگای دادی ئێران پشتڕاستیکردەوە کە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر عەلیرەزا ئەکبەریدا ساخکراوەتەوە. 
 
میزان لە زاری وەزارەتی ئیتیلاعاتەوە باسی لەوە کردووە، "ئەکبەری یەکێک بووە لە دزەپێکەرە هەرە گرنگەکانی زانیاریی ناوەندنە ستراتیجی و هەستیارەکانی وڵات" بۆ فەرمانگەی هەواڵگریی نهێنیی بەریتانیا. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، ئەوان پشتیوانیی خێزانی ئەکبەری دەکەن و چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باسیان لە دۆسیەکەی کردووە.