عەگید کابایێل: هەموومان پشتیوانیی رۆژاڤای کوردستانین

رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە ناوی عەگید کابایێل، بۆکسێنەری ناوداری کورد، لە شاری ئۆبەرهاوزنی ئەڵمانیا چووەوە نێو مێژووی وەرزشیی ئەو وڵاتە. کەبایەل لەبەردەم 13 هەزار هاندەردا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر رکابەرە پۆڵەندییەکەیدا بەدەستهێنا.
 
عەگید کابایێل، پاڵەوانی بۆکسێن کە تاوەکو ئێستا لە هیچ یارییەکدا نەدۆڕاوە، لە گەڕی سێیەمی یارییەکەدا بە "نۆکاوتی تەکنیکی" (TKO) لە دامیان کنیبای رکابەری بردەوە. بەم سەرکەوتنە، کەبایەل توانی نازناوی کاتیی خۆی لە رێکخراوی WBCی جیهانی بپارێزێت. هەرچەندە لە سەرەتای یارییەکەدا تووشی پێکان بوو، بەڵام بە ئارامی و بە پلانێکی تۆکمە بەردەوام بوو، زەبری تووندی لە رکابەرەکەی وەشاند و کۆنتڕۆڵی تەواوی یارییەکەی کرد.
 
ئامادەبوونی کەسایەتییە دیارەکان
 
بۆ ئەو کوردانەی لە هۆڵەکەدا ئامادە بوون، ئەم شەوە تەنیا رووداوێکی وەرزشی نەبوو، بەڵکو دەربڕینی پشتگیری و ناسنامەی نەتەوەیی بوو. چەندین کەسایەتیی دیاری کورد لەوێ ئامادە بوون، لەوانە هونەرمەند هۆزان دینۆ و جیهاد ئاکیپا.
 
جیهاد ئاکیپا، یەکێک لە پشتیوانانی عەگید، لەبارەی یارییەکە و کەشی هۆڵەکەوە گوتی: "هیواکانم زۆر بوون، چونکە دەمەویست چی روودەدات. ئاگیت بە نۆکئاوت دەیباتەوە و هەر واش بوو. لێرە لە هۆڵی 'رودۆلف وێبەر ئارینا' کە شوێنی 13 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە، هەست دەکەم هەموو ئامادەبووان کوردن. ئەوەی ئاگیت ئەنجامی دا مێژووە. دڵنیام دەیتوانی هۆڵی 'لانکسێس ئارینا'ش بە 20 هەزار کەسەوە پڕ بکات، یان لە داهاتوودا لە یاریگایەکی گەورەتر یاری بکات. پێویستە هەموو کوردان بەم شێوەیە پشتیوانی یەکتر بن."
 
پەیامێک بۆ رۆژئاوای کوردستان
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، عەگید کەبایێل پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت خەڵکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کرد و سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی کردن. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گرنگیی ئاڵای کوردستان لەنێو هۆڵەکەدا، ئاگیت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پشتیوانییە هێزێکی گەورەی پێ دەبەخشێت.
 
 
ئەمە 27ـەمین سەرکەوتنی عەگید کابایێل بوو لە کۆی 27 یاریی پیشەگەری خۆیدا. بەم ئەنجامە، ئەو بۆکسێنەرە کوردە هەنگاوێکی دیکە لە خەونە گەورەکەی نزیک بووەوە، کە ئەویش بەدەستهێنانی نازناوی جیهانییە لە کێشی قورسدا.