ترەمپ هۆشداری دەداتە کوبا: پێش ئەوەی درەنگ بێت رێکبکەون

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆشداریی دایە کوبا کە "رێککەوتنێک بکەن" یان رووبەڕووی لێکەوتەی نادیار ببنەوە. ترەمپ رایگەیاند، ناردنی نەوت و پارەی ڤەنزوێلا بۆ هاڤانا بە تەواوەتی رادەگیرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 11-01-2026، ترەمپ لە تروس سۆشیاڵ نووسی: "چیدیکە هیچ نەوت و پارەیەک بۆ کوبا ناچێت - سفر!" هەروەها دەڵێت: "بە رژدی پێشنیاز دەکەم رێککەوتن بکەن، پێش ئەوەی درەنگ بێت."
 
کۆتاییهاتنی هەژموونی کوبا لە ڤەنزوێلا
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ هەفتەیەک دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی شەودا لە کاراکاس؛ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستبەسەر کرد، کە تێیدا دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ڤەنزوێلا و کوبا کوژران.
 
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە کوبا بۆ چەندین ساڵ بە بڕێکی زۆر لەسەر نەوت و پارەی ڤەنزوێلا ژیاوە و "لە بەرامبەردا خزمەتگوزاریی ئەمنی بۆ دوو دیکتاتۆری کۆتایی ڤەنزوێلا مادورۆ و چاڤێز دابین کردووە،" بەڵام گوتی: "ئەو سەردەمە کۆتایی هات." هەروەها گوتی ڤەنزوێلا چیدی پێویستی بەو "چەتە و سەرانە وەرگرانە" نییە کە ساڵانێکی زۆر خەڵکی ئەو وڵاتەیان بە بارمتە گرتبوو.
 
مارکۆ روبیۆ و داهاتووی کوبا
 
هەر رۆژی یەکشەممە، ترەمپ پۆستێکی دووبارە بڵاوکردەوە [شەیر] کە تێیدا پێشنیاز کرابوو مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمریکا ببێتە سەرۆکی کوبا (کە ئێستا لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە بەڕێوە دەبرێت). ترەمپ لەسەر ئەو پێشنیازە نووسیویەتی: "ئەوە لای من باشە."
 
کوبا لە ساڵی 2000ـەوە و دوای رێککەوتنی نێوان فیدێل کاسترۆ و هۆگۆ چاڤێز، سەرۆکی کۆچکردووی ڤەنزوێلا، بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە نەوتی ڤەنزوێلا بەستبوو. 
 
لە کاتێکدا ڤەنزوێلا رووبەڕووی قەیرانی ئابووری ببووەوە، هێشتا نەوتی بۆ کوبا دەنارد، بەڵام دوای دەستگیرکردنی مادورۆ لەلایەن ئەمریکاوە لە 04-01-2026، ترەمپ هەوڵ دەدات هەموو سەرچاوەکانی داهاتی کوبا لە ڤەنزوێلا وشک بکات بۆ ناچارکردنی حکومەتی هاڤانا بە گۆڕانکاریی سیاسی.