جێف بێزۆس دوو ملیار دۆلار لە پشکەکانی لە ئەمازۆن فرۆشت

 
رووداو دیجیتاڵ

جێف بێزۆس، دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن بە بەهای دوو ملیار دۆلار لە پشکەکانی خۆی لە کۆمپانیاکە فرۆشت.
 
بەپێی بەڵگەنامەیەک، کە نێردراوە بۆ دەسەڵاتی یاسادانانی بۆرسەکانی ئەمریکا، لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، بێزۆس 12 ملیۆن پشکی خۆی لە کۆمپانیای ئەمازۆن بە نرخی 168 دۆلار تاوەکو 171 دۆلار فرۆشتووە.
 
بەڵگەنامەیەکی دیکە کە رۆژی چوارشەممە نێردراوە بۆ دەسەڵاتی یاسادانانی بۆرسەکانی ئەمریکا، ئاشکرای دەکات کە بێزۆس نیازی خۆی بۆ فرۆشتنی 50 ملیۆن لە پشکەکانی لە کۆمپانیای ئەمازۆن راگەیاندووە، ئەو کۆمپانیایەی 30 ساڵ لەمەوبەر دایمەزراند.
 
بەپێی گۆڤاری فۆربیس، سامانی جێف بێزۆس 195.5 ملیار دۆلارە و سێیەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە.
 
کۆمپانیای ئەمازۆن 1ی ئەم مانگە راپۆرتی دارایی خۆی بۆ چارەکی کۆتایی ساڵی 2023 خستەڕوو؛ داهات و قازانجی ئەمازۆن زیاتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان.
 
ئەمازۆن 170 ملیار دۆلار داهاتی لە چارەکی چوارەمی 2023دا هەبووە، کە 10.6 ملیار دۆلاری قازانجی پوختە بووە.
 
هۆکاری بەرزبوونەوەی قازانجی ئەمازۆن بۆ خێراتربوونی دیلیڤەریی کۆمپانیاکە و فرۆشی باشی وەرزی فرۆشی سەری ساڵ بووە.
 
یەک رۆژ لەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی دارایی کۆمپانیای ئەمازۆن، بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە بە رێژەی 13% بەرزبووەوە.