ترەمپ جەخت لە راگواستی فەلەستینییەکان دەکاتەوە و شای ئوردنیش دەڵێت پلانی خۆیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە پلانەکەیان بۆ چۆڵکردنی کەرتی غەززە و راگواستنی فەڵەستینییەکان پاشگەزنەبوونەتەوە. شای ئوردنیش دەڵێت، پێویستە ئەمریکا بزانێت کە وڵاتەکەی و وڵاتانی دیکەی عەرەبیش پلان و بەرنامەی خۆیان بۆ داهاتووی کەرتی غەززە هەیە.
رۆژی سێشەممە، 11ی شوباتی 2025، لە واشنتن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن کۆبوونەوە. هەردوولا باسیان لە چەندین تەوەر کرد کە دیارترینیان پەیوەندییەکانی هەردوولا و پرسی داهاتووی کەرتی غەززە بوون.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "زۆر سوپاس، ئەمە جێگەی شانازییە کە شا عەبدوڵڵا لەگەڵمانە. ئەو ماوەیەکی زۆرە هاوڕێمە تەنانەت پێش ئەوەی جاری یەکەمیش ببمە سەرۆک. پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە. "
شا عەبدوڵڵاش لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ گوتی: "زۆر سوپاس سەرۆک بۆ ئەو پێشوازییە، پێموایە وەکو پاڵپشتییەک بۆ قسەکەت وەکو گوتت پەیوەندییەکی تایبەت لەنێوان وڵاتەکانمان و هەردووکماندا هەیە، کە پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای متمانە و هاوڕێیانەیە."
سەبارەت بە پلانەکەیان بۆ راگواستنی دانیشتووانی کەرتی غەززە ترەمپ رایگەیاند، "ئەمە شتێکی قورس و ئاڵۆز نییە. ئەگەر ئەمریکا کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بکات، ئەوا بۆ یەکەمجار سەقامگیری روو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات."
شای ئوردن بە راستەوخۆ قسەکانی ترەمپی رەتنەکردەوە بەڵام گوتی، "پێموایە پێویستە لەبیرمانبێت کە میسر و وڵاتانی دیکەی عەرەبیش پلانیان بۆ داهاتووی غەززە هەیە".
"محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بانگهێشتی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی کردووە بۆ گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی غەززە." شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن وای گوت.
لە کۆبوونەوەکەدا شای ئوردن باسی لەوەش کرد کە "ئێستا پێویستە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن بتوانین کارێک بکەین کە بۆ هەمووان باش بێت؟ پێویستە کارێک بکەین کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا، ناوچەکە و خەڵکی ئوردنیش بێت. ئەمڕۆ گفتوگۆی زیاترمان لەوبارەیەوە دەبێت."
شای ئوردن ئەوەشی گوت، ئامادەن دوو هەزار منداڵی نەخۆش کە شێرپەنجە یان نەخۆشییەکی دیکەیان هەیە بگوازنەوە وڵاتەکەیان. سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، بۆ ئەو پرسە و پرسەکانی دیکەش لەگەڵ میسر و وڵاتانی دیکە لە گفتوگۆدا دەبن.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەیەوێت دانیشتووانی کەرتی غەززە بۆ میسر و ئوردن بگوازرێنەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی دووبارە بتوانێت ئەو ناوچەیە ببوژێنێتەوە.
لە کەرتی غەززە سەروو دوو ملیۆن کەس دەژین. سەرەتا بەرپرسانی هەریەک لە ئوردن و میسر پێشنیازەکەی ترەمپیان رەتکردەوە، بەڵام پێشنیازەکەی ترەمپ لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشوازی لێکرا.