جولی براون؛ ئەو رۆژنامەڤانەی نهێنییەکانی جێفری ئێپستین و ترەمپی ئاشکرا کرد
رووداو دیجیتاڵ
جولی براون رۆژنامەڤانی لێکۆڵەر و بنکۆڵکار لە رۆژنامەی (مەیامی هێرالد)، بەوە دەناسرێت کە بە تەنیا بەرەوڕووی یەکێک لە گەورەترین تۆڕەکانی قاچاخچێتیی سێکسی لە مێژووی ئەمریکادا وەستایەوە. براون کە لە لیستی 100 کاریگەرترین کەسایەتیی ساڵی 2020ـی گۆڤاری (تایم)دایە، توانی دۆسیەی جێفری ئێپستین زیندوو بکاتەوە و پەردە لەسەر پەیوەندیی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو بازرگانە لابدات.
چیرۆکەکە چۆن دەستیپێکرد؟
لە ساڵی 2017دا، جولی براون دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کرد لەسەر ئەو "رێککەوتنە نهێنییە"ـی کە لە ساڵی 2008 لە نێوان جێفری ئێپستین و ئەلێکس ئەکۆستا (داواکاری گشتیی ئەوکاتی فلۆریدا و وەزیری دواتری کار لە ئیدارەی ترەمپ) واژۆ کرابوو.
بەپێی ئەو رێککەوتنە، ئێپستین لە سزای فیدراڵیی قاچاخچێتیی سێکسی رزگاری ببوو و تەنیا بە 2 تۆمەتی بچووکی بازرگانیی لەشفرۆشی سزادرابوو، ئەمەش وایکردبوو چەندین کەسایەتیی دەستڕۆیشتوو پارێزراو بن.
براون توانی نزیكەی 80 قوربانی بدۆزێتەوە کە هەندێکیان لە کاتی دەستدرێژییەکاندا تەمەنیان تەنیا 13 و 14 ساڵ بووە. زنجیرە راپۆرتەکانی براون لە ساڵی 2018 بە ناوی شێواندنی دادپەروەری (Perversion of Justice)، کە لە دوو توێی کتێبکێدا بڵاوکرانەوە، بووە هۆی دەستگیرکردنەوەی ئێپستین لە ساڵی 2019 و دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کاری ئەمریکا.
دۆسیە نوێیەکان؛ ترەمپ و پۆلیس لە ساڵی 2006
رۆژی چوارشەممە 11-04-2026 جولی براون بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دادی ئەمریکای بڵاوکردەوە کە تێیدا وردەکاریی گفتوگۆیەکی دۆناڵد ترەمپ و میشێل رایتەر، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی (پام بیچ) لە ساڵی 2006 دەخاتە روو.
بەپێی راپۆرتەکە، ترەمپ لەو کاتەدا پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە و پێیگوتوون: "سوپاس بۆ خودا کە دەتانەوێت رایبگرن (ئێپستین)، هەموو کەس دەیزانی کە ئەو ئەم کارانە دەکات." ترەمپ هەروەها گوتوویەتی خەڵکی نیویۆرک دەزانن ئێپستین کەسێکی "قێزەونە" و گیسلەین ماکسوێڵی هاوکاریشی بە "شەیتان" وەسف کردووە.
ئەم زانیارییانە لە کاتێکدان، ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو هیچ ئاگایەکی لە تاوانەکانی ئێپستین نەبووە.
ئاشکرابوونی ئەم دۆسیانە گوشاری خستووەتە سەر هاوکارانی ترەمپیش. هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا ناچار بوو لە بەردەم ئەنجوومەنی پیران دان بەوەدا بنێت کە لە ساڵی 2012دا لەگەڵ خێزانەکەیدا سەردانی دوورگە تایبەتەکەی ئێپستینی کردووە، ئەمەش پێچەوانەی قسەکانی پێشوویەتی.
هەروەها لێس وێکسنەر، ملیاردێر و خاوەنی پێشووی کۆمپانیای (ڤیکتۆریا سیکرێت) لە ناو یاداشتەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) وەک یەکێک لە "هاوپیلانگێڕە ئەگەرییەکان"ـی ئێپستین ناوی هاتووە.
جولی براون تاوەکو ئێستا چەندین خەڵاتی جیهانیی بەدەستهێناوە، لەوانە 2 خەڵاتی جۆرج پۆڵک (2014 و 2018) و خەڵاتی سیدنی (2019). هەرچەندە ئالان دێرشۆویتز، پارێزەرەکەی ئێپستین هەوڵی زۆری دا رێگری لە خەڵاتکردنی بکات، بەڵام براون بووەتە هێمای رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری.
براون لەبارەی سەرکەوتنەکانییەوە دەڵێت: "پاڵەوانە راستەقینەکان ئەو قوربانییە ئازایانە بوون، کە رووبەڕووی ترسەکانیان بوونەوە و چیرۆکەکانی خۆیان گێڕایەوە."
بڕیارە لەسەر بنەمای کتێبەکەی جولی براون، کەناڵی HBO زنجیرەیەکی درامی لەسەر ئەم دۆسیەیە بەرهەم بهێنێت، تاوەکو چیرۆکی ئەو ژنە بۆ جیهان بگێڕدرێتەوە.