ئەورووپا رووبەڕووی قەیرانی کەمیی منداڵ بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی ئاماری یەکێتیی ئەورووپا زەنگی مەترسی لێدەدات و رایدەگەیێنێت، هیچ کام لە وڵاتانی یەکێتییەکە نەگەیشتوونەتە رێژەی پێویستی لەدایکبوون؛ ئەوەش مەترسیی لەسەر سەقامگیریی وڵاتان و بازاڕی کار دروستکردووە.
بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان، بۆ ئەوەی دانیشتووانی وڵاتێک بە سەقامگیری بمێنێتەوە و تووشی پیربوون و کەمبوونەوەی هێزی کار نەبێت، پێویستە رێژەی لەدایکبوون بۆ هەر ژنێک بە تێکڕا بگاتە 2.1 منداڵ، بەڵام بەپێی ئامارە فەرمییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، رێژەی لەدایکبوونی منداڵ بۆ هەر ژنێک لە وڵاتانی یەکێتییەکەدا لە نێوان 1.10 بۆ 1.81ـە، واتە هیچ وڵاتێک نەگەیشتووەتە رێژەی ستاندارد.
بولگاریا لە پێشەوەیە و پۆڵەندا لە کۆتاییە
بەپێی ئاماری نووسینگەکە، هەر ژنێک لە بولگاریا بە تێکڕا 1.81 منداڵی دەبێت، کە ئەمەش بەرزترین رێژەیە لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا. لە بەرامبەردا، پۆڵەندا کەمترین رێژەی تۆمارکردووە کە تەنیا 1.10 منداڵە بۆ هەر ژنێک.
رێژەی لەدایکبوون لە وڵاتانی دیکە بەمشێوەیەیە:
ئیسپانیا: 1.12
ئیتاڵیا: 1.18
فینلاند: 1.25
نەمسا: 1.32
سویسرا: 1.33
ئەڵمانیا: 1.35
نەرویج: 1.40
سوێد: 1.43
هۆڵەندا: 1.43
پۆرتوگال: 1.45
بەلجیکا: 1.47
ئێرلاند: 1.50
فەرەنسا: 1.62
ئامارەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەیدەخەن، ساڵی 2015 ژمارەی دانیشتووانی یەکێتییەکە 508 ملیۆن کەس بووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەگەر رێژەی لەدایکبوون بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، لە ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتووان بۆ 450 ملیۆن کەس کەم بکات.
کەمیی رێژەی لەدایکبوون راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕی کار دروستکردووە. لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا، لە هەر 100 هەلی کارێک، 2.1ـیان پڕنەکراونەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ کەمیی هێزی کار و نەبوونی کەسانی پسپۆڕ دەگەڕێتەوە.
لە رووی هەلی کاری پڕنەکراوەوە، وڵاتان بەمشێوەیە ریزبەند کراون:
هۆڵەندا: 4.2٪.
فەرەنسا و ئەڵمانیا: 2.5٪.
رۆمانیا: 0.6٪.