ئیلهان عومەر بۆ ترەمپ: لە سۆماڵ منداڵبازەکان لە سێدارە دەدەین نەک هەڵیانبژێرین

رووداو دیجیتاڵ

ئیلهان عومەر، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ویلایەتی مینیسۆتا، وەڵامێکی تووندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا هێرشی کردە سەر هاووڵاتییانی سۆماڵی لە ئەمریکا و بەتایبەتی ئیلهان عومەری وەک "ئەندامێکی ساختەی کۆنگرێس" وەسف کرد.
 
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ لاری کودڵۆ لە کەناڵی (فۆکس بزنس)، دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە رەخنەی تووندی لە رەوەندی سۆماڵی گرت و گوتی: "سۆماڵ [خەڵکی سۆماڵ] هاتووەتە ئێرە، ئەوەی ئەو خەڵکە بەسەر وڵاتەکەمانیان هێناوە، ئەوان هاتوونەتە ناو وڵاتەکەمان و ئەوەی کردوویانە لەگەڵ ئەو خانمە ئەندامەی کۆنگرێس کە ساختەیە (ئیلهان عومەر)، ئەو زۆر خراپە."
 
ترەمپ ئاماژەی بە ویلایەتی مینیسۆتا کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد، "لانیکەم 19 ملیار دولار فێڵ و گەندەڵی لە بواری پزیشکی و بوارەکانی دیکەدا کراوە" و بەڵێنی دا کە ئیدارەکەی دەگاتە بنچینەی ئەو دۆسیانە.
 
ئیلهان عومەر، کە وەک دیموکراتێکی چەپ و سۆماڵی-ئەمریکی ناسراوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێدوانەکەی ترەمپی بڵاوکردەوە و نووسی: "رێبەری (پارتی پاراستنی منداڵبازەکان) هەوڵدەدات سەرنجەکان لەوە دووربخاتەوە کە ناوی لە ناو تەواوی دۆسیەکانی ئێپستیندا هەیە. لانیکەم لە سۆماڵ منداڵبازەکان لەسێدارە دەدرێن، نەک هەڵبژێردرێن."
 
هێرشەکەی ئیلهان عومەر دەست خستنە سەر برینێکی کۆنی ترەمپە. سەرۆکی ئەمریکا لە ژێر گوشارێکی زۆردایە بەهۆی ئەوەی ناوی "هەزاران جار" لە ناو دۆسیە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا سەبارەت بە جێفری ئێپستین، بازرگانی سێکسی هاتووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە. 
 
ئیلهان عومەر پێیوایە، ترەمپ لە رێگەی هێرشکردنە سەر سۆماڵییەکان، دەیەوێت خەڵک ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لەبیر بکەن، کە لەگەڵ ئێپستین هەیبووە
 
لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ بەردەوام رەوەندی سۆماڵی وەک "دووژمنی ناوخۆ" نیشان دەدات، بەتایبەت لە مینیسۆتا. ئەم گوتارە تووندەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە رەخنەگرانی دەڵێن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ترەمپ تەنیا لەم ساڵدا دوو کەسیان لەو ویلایەتەدا کوشتووە.