پەرلەمانتارێکی کەنەدا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات پاڵپشتی رۆژئاوای کوردستان بکات
رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی کەنەدا، پەرلەمانتارێک هۆشداری دەدات لە دۆخی کوردانی رۆژئاوای کوردستان و رایدەگەیێنێت، هێرشەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، مەترسیی "کۆمەڵکوژی" لێدەکرێت و داوا لە ئۆتاوا دەکات بێتە دەنگ.
پەرلەمانی کەنەدا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کۆبووەوە. لە دانیشتنەکەدا رۆمان بەیبەر، پەرلەمانتاری پارێزگارەکان نیگەرانیی قووڵی خۆی و هاوکارانی سەبارەت بە راپۆرتەکان لەبارەی هێرشی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە دەربڕی.
بەیبەر کە نوێنەرایەتیی ناوچەی "نۆرس یۆرک" دەکات و بە گوتەی خۆی "ماڵی هەزاران کوردی کەنەدییە"، ئاماژەی بەوە کرد هێرشەکانی سووریا گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود) و (ئەشرەفییە)یان کردووەتە ئامانج؛ ناوچەیەک کە شوێنی نیشتەجێبوونی نیو ملیۆن کەسە و زۆربەیان کوردن، هاوکات پێکهاتەکانی مەسیحی، ئێزدی و جووشی تێدایە.
ئەو پەرلەمانتارەی کەنەدا هۆشداری دا، هێرشکردنە سەر ژن و منداڵ و مەدەنییەکان رەنگە پەرەبسێنێت بۆ "کۆمەڵکوژی و تاوانی گەورە" و گوتی: "گەلی کورد و کەمینە ئایینییەکانی دیکە، چەندین دەیەیە بەدەست ئاوارەیی و تووندوتیژییەکی بێوێنەوە دەناڵێنن."
رۆمان بەیبەر داوای لە حکومەتی کەنەدا کرد بێتە دەنگ، بەرگری لە مافەکانی کوردی سووریا بکات و هەڵوێستی روونی هەبێت، چونکە ئەو هێرشانە "پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانن."
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کەنەدا لە کاتێکدایە، 8ـی کانوونی دووەمە ئەمساڵ، سوپای سووریا هێرشی کردە گەڕەکە کوردنشینەکان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە. هەرچەندە کۆتایی مانگی رابردوو ئاگربەست راگەیێندرا، بەڵام هێشتا دۆخی مرۆیی لە بەشێکی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت کۆبانێ سەختە.