پەیمانگای سیپری: فەرەنسا بووەتە دووەم هەناردەکاری چەک لە جیهاندا
رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ئاشتیی ستۆکهۆڵم ناسراو بە (SIPRI)، نوێترین راپۆرتی لەسەر بازاری چەک لە جیهاندا بڵاوکردەوە و دەڵێت، هاوردەکردنی چەک لەلایەن ئەورووپاوە دوو هێندە زیادیکردووە.
بەپێی راپۆرتەکەی سیپری، هاوردەکردنی چەک لەلایەن ئەورووپاوە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە، بەشێکی هۆکارەکەی بۆ شەڕی ئۆکراینا دەگەڕێتەوە، هاوکات هەناردەکردنی چەک لە رووسیاشەوە بۆ نیو هێندە کەمبووەتەوە.
ئۆکراینا بووەتە چوارەم وڵاتی هاوردەکاری چەک لە جیهاندا، فەرەنساش شوێنی رووسیای گرتووەتەوە وەک دووەم گەورەترین هەناردەکاری چەک لە جیهاندا.
سیپری ئاشکرای دەکات، "هاوردەکردنی چەک بۆ ئەورووپا لە ساڵی 2019 تاوەکو 2023 بەراورد بە پێنج ساڵی پێش ئەو ماوەیە 94% زیادیکردووە."
بەگشتی گواستنەوەی چەک لە جیهاندا کەمیکردووە. کاتارینا جۆکیچ، یەکێک لە لێکۆڵەرانی سیپری دەڵێت، "زیادبوونی چەک بەشێکی بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە روون دەبێتەوە و ئۆکراینا لە پێنج ساڵی رابردوودا بووەتە چوارەم وڵاتی هاوردەکاری چەک لە جیهاندا."
لەدوای هێرشی رووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 وە، بەپێی راپۆرتەکەی سیپری، لانیکەم 30 وڵات چەکی قورسیان وەک هاوکاریی سەربازی پێشکێشی ئۆکراینا کردووە. لەلایەکی دیکەوە، وڵاتانی دیکەی ئەورووپی هاوردەکردنی چەکیان زیادکردووە و پشکێکی گەورەتریان لە بازاڕی چەک لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو پێکهێناوە.
لە ساڵانی 2019-2023، 55%ـی هاوردەی چەک لەلایەن وڵاتانی ئەورووپی لە ئەمریکاوە بووە، لەکاتێکدا لە ماوەی 2014-2018دا ئەو رێژەیە 35% بووە.
جۆکیچ ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێکی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا ئەندامی ناتۆ و هاوبەشی ئەمریکان لە پەرەپێدانی سیستمی چەک، وەک فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35.
لەسەر ئاستی جیهان، هەناردەی چەک لەلایەن ئەمریکاوە لەو ماوەیەدا 17٪ زیادیکردووە و پشکی ئەو وڵاتە لە کۆی هەناردەکردنی چەک لە جیهاندا گەیشتووەتە 42٪.
لەلایەکی دیکەوە، رووسیا کە بۆ ماوەیەکی زۆر پێگەی دووەم گەورەترین هەناردەکاری چەکی هەبوو لە جیهاندا، کەچی لەنێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2018 و 2019 تاوەکو 2023، هەناردەکردنی چەک لەلایەن ئەو وڵاتە 53٪ دابەزیوە.
جگە لەوەی کە هەناردەی چەک لەلایەن رووسیاوە کەمبووەتەوە، هاوکات ژمارەی ئەو وڵاتانەش کە رووسیا چەکی بۆ دەنارد کەمیکردووە. لە ساڵی 2023 دا رووسیا چەکی هەناردەی 12 وڵات کردووە لە کاتێکدا لە 2019 دا چەکی هەناردەی 31 وڵات کردبوو.
جۆکیچ دەڵێت: "گۆڕانی گرنگ لە سیاسەتەکانی گەورەترین کڕیارانی چەک لەلایەن وڵاتی چینەوە روویداوە."
چین بە شێوەیەکی نەریتی یەکێک بووە لە گەورەترین کڕیارانی چەکی رووسیا، بەڵام بەردەوام سەرقاڵی پێشخستنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە.
ئێستا 21٪ـی چەکی رووسیا بۆ چین هەناردە دەکرێت و 34٪ یشی بۆ هیندستان کە بە گەورەترین بازاڕی چەکی رووسیا هەژمار دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ دابەزینی پلەی رووسیا وەک دووەم هەناردەکاری چەک لە جیهاندا، پشکی فەرەنسا لە هەناردەکردنی چەک لە جیهاندا زیادبووە. هەناردەی چەکی فەرەنسا بە رێژەی 47٪ زیادیکردووە، بەوپێیەش بووەتە دووەم هەناردەکاری گەورەی چەک لە جیهاندا.
فەرەنسا لە ساڵی 2019 تاوەکو 2023 دا 11٪ پشکی هەناردەکردنی چەکی لە جیهاندا هەبووە. فەرەنسا بەتایبەتی سەرکەوتوو بووە لە فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی رافایل لە دەرەوەی ئەورووپا.
زەین حوسێن، یەکێکی دیکە لە لێکۆڵەرانی سیپری دەڵێت، "شەڕی غەززە کە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد، پێشتر کاریگەری لەسەر هاوردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل هەبووە."
ئەو لێکۆڵەرە دەڵێت، "هاوردەکردنی چەک لەلایەن ئیسرائیلەوە بە پلەی یەکەم لە رێگەی گواستنەوەی چەکەوەیە لە ئەمریکاوە، یان لە رێگەی یارمەتییە سەربازییە نوێیەکانەوە بووە یان گرێبەستەکانی پێشوو خێراتر کراون."
لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی زەین حوسێن، "لە ئێستاوە لە هەندێک دەوڵەتی ئەورووپیدا جۆرێک هەڵوێست لەلایەن هەندێ وڵاتی ئەورووپی دەبینین بۆ سنووردارکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل."