بەرگریی رووسیا: 91 درۆنی ئۆکراینامان لە ئاسمانی مۆسکۆ خستنەخوارەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو ئۆکراینا هێرشێکی چڕی بە درۆن کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەیان و، 91 لەو درۆنانەیان لە ئاسمانی مۆسکۆ خستنەخوارەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو ئۆکراینا 337 درۆنی ئاراستەی چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەیان کرد، 91ـیان لە ئاسمانی مۆسکۆ و 126ـیشیان لە ئاسمانی کورسک خرانەخوارەوە. 
 
ئەندرێ ڤۆرۆبیۆڤ، حاکمی ناوچەی مۆسکۆ رایگەیاند، بەهۆی پاشماوەی درۆنەکانەوە لە باشووری پایتەخت، کەسێک کوژرا و سێی دیکەش بریندار بوون. هەروەها، پاشماوەی درۆنەکان زیانیان بە حەوت باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە هەمان ناوچە گەیاند. 
 
ئەو هێرشەی ئۆکراینا بۆ سەر رووسیا لەکاتێکدان، بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە، 11-3-2025) لە ریاز بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئۆکراینا بۆ گفتوگۆ لەبارەی جەنگەکە و کۆتاییپێهێنانی کۆببنەوە. بڕیارە هەریەک لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بەشداری بکەن. 
 
لەو کۆبوونەوەیەدا کیێڤ دەیەوێت ویستی خۆی بۆ ئاگربەستێکی کاتی بۆ بەدەستهێنانەوەی پاڵپشتیی واشنتن پیشان بدات. ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی 4ـی ئاداری ئەمساڵ، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا راگرت و ئەوان، هەموو سەرنجێکیان لەسەر ئاشتییە. 
 
بەرپرسە باڵاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە فۆکس نیوزی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "راشکاو بووە کە هەموو سەرنجێکی لەسەر ئاشتییە و پێویستمان بە پابەندبوونی هاوبەشانیشمانە بەو ئامانجەوە." 
 
ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی گوتی، "هاوکارییەکانمان رادەگرین و پێداچوونەوەیان بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە چارەسەر."  
 
ئۆکراینا، زیاتر لە سێ ساڵە لە جەنگدایە لەگەڵ رووسیا، لەو کاتەوە واشنتن نزیکەی 66 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی پێشکێشی کیێڤ کردووە. 
 
لەدوای دەستبەکاربوونەوەی ترەمپ لە مانگی یەکی ئەمساڵدا وەک سەرۆکی ئەمریکا، واشنتن لە مۆسکۆ نزیک بووەتەوە. 
  
بەرپرسانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەیانەوێت ئۆکراینا بە زووترین کات کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت، ئۆکراینا نیگەرانە و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، ئامادەن گفتوگۆی ئاگربەست و رێککەوتن بکەن، بەو مەرجەی ئاسایشی وڵاتەکەیان گەرەنتی بکرێت.