بەرپرسێکی باڵای هێڵی شەمەندەفەری پاکستان: ژمارەیەک چەکدار 450 کەسیان بە بارمتە گرت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای هێڵی شەمەندەفەری پاکستان رایگەیاند، لە هەرێمی بەلووچستان ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر شەمەندەفەرێک. دەشڵێت، ئەو چەکدارانە دەستیان بەسەر شەمەندەفەرەکەدا گرتووە و 450 کەسیشیان بە بارمتە گرتووە.
رۆژی سێشەممە 11ی ئاداری 2025 محەممەد کەشیف، بەرپرسی باڵا لە هێڵی شەمەندەفەری پاکستان رایگەیاند، لە ناوچەی سبی لە هەرێمی بەلووچستان ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر شەمەندەفەرێک. دەشڵێت، "450 کەسیان لەنێو شەمەندەفەرێکدا بە بارمتە گرت."
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "چەکدارەکان شۆفێری شەمەندەفەرەکەیان بریندار کردووە."
سوپای ئازادی بەلووچ، بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە راگەیاند. گرووپەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە ناوچەی سبی رێگەی هێڵی شەمەندەفەرمان تەقاندەوە و توانیمان دەست بەسەر شەمەندەفەرەکدا بگرین."
بەگوێرەی بەرپرسانی پاکستان، گرووپەکە لە ناوچەیەکی شاخاوی دەستیان بەسەر شەمەندەفەرەکەدا گرتووە. هەروەها تیمێکی فریاگوزارییشیان ناردووەتە ئەو ناوچەیە.
سوپای ئازادی بەلووچ رێکخراوێکی چەکداری پاکستانین. ساڵی 2000 دامەزراوە و ئامانجیان سەربەخۆیی هەرێمی بەلووچە. بەگوێرەی ئاماری نافەرمی، رێکخراوەکە نزیکەی 6000 چەکداری هەیە.
رۆژی 21-11-2024 بەرپرسێکی ناوچەی کوڕەم لە باکووری رۆژئاوای پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە دوو هێرشدا بۆ سەر ژمارەیەک هاووڵاتیی ناوچەکە زیاتر لە 38 کەس کوژران و 11ی دیکەش بریندار بوون.
لەنێو کوژراوەکان دا 6 ژن و ژمارەیەک منداڵ هەبوون. بە گوتەی بەرپرسەکە، 11 چەکدار لە هێرشەکەدا بەشدار بوون.