ترەمپ: بۆ پاڵپشتیکردن لە مەسک، ئۆتۆمبێلێکی تێسلا دەکڕم
رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ رایدەگەیێنێت، بۆ پاڵپشتیکردن لە ئیلۆن مەسک، وەزیری وەزارەتی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا، ئۆتۆمبێلێکی تێسلا دەكڕێت.
رۆژی سێشەممە 11ی ئاداری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسی، "مەسک کارێکی باش بۆ پاڵپشتیکردنی کۆمارییەکان، پارێزگارەکان و ئەمریکییەکان دەکات."
ترەمپ دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، مەسکی وەکو وەزیری وەزارەتی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا دیاریکرد و دەسەڵاتی کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵییەکانی پێداوە.
هەڵمەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی وەزارەتی کارامەیی ئەمریکا رووبەڕووی رەخنەی بەشێک لە ئەمریکییەکان بووەتەوە و دادگە و بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس تێبینییان هەیە لەسەری؛ ئەمەش کاریگەریی لەسەر ناوبانگی کۆمپانیاکانی تێسلای مەسک دروستکردووە، فرۆشی ئۆتۆمبێلەکە لە ئەورووپا کەمبووەتەوە و لە بازاڕی بۆرسەش پشکی کۆمپانیاکە دابەزیوە.
لەبارەی بایکۆتکردنی کۆمپانیای تێسلا ترەمپ دەڵێت، "چالاکڤانە چەپڕەوە توودنئاژۆکان" وەکو هەمیشە هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی نایاسایی بایکۆتی تێسلا بکەن، بۆئەوەی زیان بە مەسک و کۆمپانیاکانی بگەیێنن.
مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کە خۆی خاوەندارێتیی دەکات، سوپاسی ترەمپی کرد.
مانگی رابردوو، ئیدارەی ترەمپ دەستەوارەیەکی پێشکێشی سەرجەم فەرمانبەرە فیدراڵییەکانی ئەمریکا کرد و تێیدا رایگەیاند، "هەر کەسێک دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە، 8 مووچە وەردەگرێت،" ئەمەش وەکو هەوڵێکی ئیدارەی ترەمپە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران و بارسووککردنی بودجە.