لە تۆرۆنتۆی کەنەدا تەقە لە کۆنسووڵخانەی ئەمریکا کرا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەنەدا رایگەیاند، دوو کەس تەقەیان لە کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە شاری تۆرۆنتۆ کردووە. پۆلیس ئەم رووداوەی وەک "کێشەی ئاسایشی نیشتمانی" وەسف کردووە و بەو هۆیەوە رێکارەکانی پاراستنی باڵەخانە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لەو وڵاتەدا تووندتر کردووە.
فرانک بارێدۆ، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی تۆرۆنتۆ رایگەیاند، دەوروبەری کاژێر 4:30ی بەرەبەیان، دوو کەس بە ئۆتۆمبێلێکی سپیی بەرز لە کۆنسووڵخانەکە نزیکبوونەتەوە و چەندین فیشەکیان تەقاندووە. بارێدۆ ئاماژەی بەوە کرد، لەو کاتەدا خەڵک لە ناو کۆنسووڵخانەکەدا بوون، بەڵام "باڵەخانەکە زۆر پارێزراو و قایمە، بۆیە هیچ کەسێک بریندار نەبووە."
کریس لێزەر، لە پۆلیسی فیدراڵیی کەنەدا (RCMP) رایگەیاند، تەقەکردن لە کۆنسووڵخانەی ئەمریکا بێگومان رووداوێکی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانییە. لێزەر گوتی: "ئەوەی ئایا ئەمە کارێکی تیرۆریستییە یان نا، لە لایەن تیمەکانی لێکۆڵینەوەوە یەکلا دەکرێتەوە." هەروەها ئاشکرای کرد، پۆلیسی کەنەدا لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) و دەزگەی هەواڵگریی کەنەدا (CSIS) پێکەوە کار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەکەن.
بەهۆی ئەم هێرشەوە، حکومەتی کەنەدا بڕیاری دا رێکارە ئەمنییەکان لە دەوروبەری هەموو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە تۆرۆنتۆ و ئۆتاوای پایتەخت تووندتر بکات. کریس لێزەر گوتی: "بەهۆی ئەم رووداوانە و دۆخی ئێستاوە، روونە کە ئەم کۆنسووڵخانانە پێویستیان بە چاودێری و پاراستنی زیاتر هەیە."
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لەبەردەم کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە تۆرۆنتۆ دژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەڕێوەچوو. هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا، سێ کەنیشتەی (پەرستگەی جووەکان) لە تۆرۆنتۆ بەر دەستڕێژی گوللە دراون، هەرچەندە پۆلیس دەڵێت هێشتا زووە بڵێن ئەم رووداوانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە.
پیت هۆکسترا، باڵیۆزی ئەمریکا لە کەنەدا رووداوەکەی بە "زۆر نیگەرانکەر" وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە "کارەکانمان بەردەوام دەبن و ئێمە ناترسێین."