سێ عێراقی بە گومانی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە نەرویژ دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی نەرویژ رایگەیاند، سێ کەسی بە رەچەڵەک عێراقی دەستگیرکراون، گومان دەکرێت دەستیان لەو هێرشەدا هەبووبێت، کە لە 8ی ئادار کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆسلۆی پایتەختی ئەو وڵاتە.
 
کریستیان هالتۆ، داواکاری گشتیی پۆلیسى نەرویژ رایگەیاند، ئەو سێ کەسە نەرویژی نین و بە رەچەڵەک عێراقین و لە ئۆسلۆی پایتەخت دەستگیرکراون، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی پاڵنەرەکانی پشت ئەو هێرشە.
 
ئەو سێ کەسە لە بیستەکانی تەمەنیاندان و بەگوێرەی پۆلیس پێشینەی تاوانیان نەبووە.
 
تەقینەوەکە لە رێگەی بۆمبێکەوە کراوە و زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
 
بەگوتەی داواکاری گشتیی پۆلیسى نەرویژ، یەکێک لە ئەگەرەکانی پشتی ئەو هێرشە ئەوەیە کە تەقینەوەکە بە فەرمانی لایەنێکی حکومی کرا بێت.
 
پۆلیسی نەرویژ پێیوایە یەکێک لەو سێ کەسە بۆمبەکەی لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆسلۆ داناوە و دووانەکەی دیکە هاوکارییان کردووە.
 
ئەو تەقینەوەیەی نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆسلۆ، هاوکات بوو لەگەڵ جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، کە لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە.