کۆریای باکوور پشتگیریی رێبەری نوێی ئێران دەکات و مووشەکی ستراتیژی تاقیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی کۆریای باکوور رایگەیاند، وڵاتەکەی رێز لە بڕیاری ئێران دەگرێت بۆ هەڵبژاردنی رێبەری نوێی وڵاتەکە. هاوکات پیۆنگیانگ بە تووندی هێرشی کردە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل و تۆمەتباری کردن بەوەی هەوڵی تێکدانی ئاشتیی ناوچەکە دەدەن.
رۆژی چوارشەممە 11-03-2026 ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA) لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە، "ئێمە رێز لە ماف و هەڵبژاردنی گەلی ئێران دەگرین بۆ دیاریکردنی رێبەری باڵای خۆیان."
گوتەبێژەکە گوتیشی، "ئەمریکا و ئیسرائیل بنەماکانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن، دەیانەوێت سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران بڕووخێنن، ئەمەش کارێکی نایاساییە و نابێت رێگەی پێ بدرێت."
لە کاتێکدا جەنگی ئێران بەردەوامە، کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەیەکی نوێی مووشەکی کرووزی ستراتیژی کرد کە لە سەر پشتی کەشتییەکی تێکشکێنەری جۆری (Choe Hyon) هاوێژرا. کیم جەختی کردەوە، وڵاتەکەی خەریکی پڕچەککردنی هێزی دەریاییە بە چەکی ئەتۆمی تاوەکو ببێتە "رێگرێکی بەهێز و جێگەی متمانە" لە بەرامبەر هەر جەنگێکدا.
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور وێنەی کیم جۆنگ ئونی بڵاوکردەوە، کە لەگەڵ جو ئەێی کچی چاودێریی تاقیکردنەوەکە دەکەن. کچی کیم لە زۆربەی رێوڕەسمە سەربازییەکاندا دەردەکەوێت و وەک جێگرەوەی داهاتووی باوکی دەبینرێت.
تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی پیۆنگیانگ هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی (قەڵخانی ئازادی) لە نێوان ئەمریکا و کۆریای باشوور. کۆریای باکوور هۆشداری دا کە ئەم مانۆڕانە لێکەوتەی "ترسناک و وێرانکەریان" دەبێت.
ئێران رۆژی یەکشەممە موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێی وڵاتەکە دیاریکرد، ئەوەش دوای ئەوەی عەلی خامنەیی باوکی موجتەبا لە رۆژی 28ی شوبات بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کوژرا.