ترەمپ: ئێران هیچ سیستەمێکی بەرگری، هێزی دەریایی و ئاسمانی نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپاکەیان توانیویەتی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران بەتەواوی لەنێوبەرێت و دەڵێت، "ئێران چیدی توانای خۆبنیاتنانەوەی نابێت ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن."
رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026، دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن لەبارەی جەنگی ئێران لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا رایگەیاند: "کارێکمان کردووە کە کەس پێشبینی نەدەکرد. سوپاکەمان بەهێزترینە لە جیهاندا و زۆر بەتووندی لێیان دەدەین؛ ئەوان بۆ 47 ساڵ دەستدرێژییان کرد و خەڵکێکی زۆری ئەمریکییان کوشت."
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر زیانەکانی ئێران لەم جەنگەدا کە لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە و گوتی: "ئەوان هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی، سیستەمی دژەفڕۆکە و راداریان نەماوە، تەنانەت سەرکردەکانیشیان نەماون." ترەمپ هۆشداری دا کە ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، ئێران "هەرگیز ناتوانێت وڵاتەکەی بنیاتبنێتەوە."
پێش ئەو قسانەی ترەمپ، دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار ئامانجیان لە نێو خاکی ئێران پێکاوە و هێرشە مووشەکییەکانی تاران 90% کەمی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکی ئەمریکاش، لانیکەم 49 سەرکردەی باڵای ئێران کوژراون، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
سەبارەت بە کوژرانی 150 کەس لە بۆردوومانکردنی قوتابخانەیەک لە شاری مینابی ئێران، کە میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن واشنتن لێی بەرپرسیارە، ترەمپ تەنیا گوتی: "هیچ لەوبارەیەوە نازانم."
لە وەڵامی ترسی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەکارهێنانی تەنگەی هورمز، ترەمپ داوای لێکردن تەنگەکە بەکاربهێنن و گوتی: "لە یەک شەودا ئەو کەشتییانەمان لەنێوبردن کە بۆ مینڕێژکردن بەکاریان دەهێنان. 16 کەشتییانمان تێکشکاند و زۆربەی کەشتییەکانی هێزی دەریاییان لەنێوبراون."
ئەم قسانەی ترەمپ لەکاتێکدان کە هەواڵگریی ئەمریکا زانیاریی پێگەیشتووە کە تاران هەوڵی مینڕێژکردنی تەنگەی هورمزی داوە بۆ ئەوەی رێگری لە هاتووچۆی کەشتییەکان بکات.
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، رۆژنامەڤانێک پرسیاری لەبارەی گوتنەوەی دروشمی "مردن بۆ ئەمریکا و مردن بۆ ئیسرائیل" لەلایەن پەرلەمانتارانی عێراقەوە کرد، ترەمپ لە وەڵامدا و گوتی: "ئەمە پرسیارێکی جوان نییە."
رۆژی 7ی ئادار، لەکاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری نزیک لە گرووپە چەکدارەکان دروشمی دژی ئەمریکا و ئیسرائیلیان گوتەوە و پەسنی ئەو هێزانەیان کرد کە هێرشی درۆنی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.