ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە 400 ملیۆن بەرمیل نەوت دەخاتە بازاڕەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام بڕیاریانداوە 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە پاشەکەوتە ستراتیژییەکانیان بخەنە بازاڕەوە؛ ئەوەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026، فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند: "ئەو ئاڵنگارییانەی لە بازاڕی نەوتدا رووبەڕوومان بووەتەوە، لە رووی قەبارەوە بێپێشینەن، بۆیە دڵخۆشم کە وڵاتانی ئەندام بە کارێکی بەکۆمەڵ و بە قەبارەیەکی بێپێشینە وەڵامیان داوەتەوە."
ئەم بڕە نوێیەی نەوتی یەدەگ، زۆر زیاترە لەو 182 ملیۆن بەرمیلەی کە لە ساڵی 2022دا و دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا خرایە بازاڕەوە. بڕیارەکە دوای کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی سەرکردەکانی کۆمەڵەی حەوت (G7) هات بە سەرۆکایەتیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا.
فەرەنسا جەخت دەکاتەوە کە ئێستا کێشەی "کەمیی نەوت" نییە، بەڵکو کێشەی "بەرزبوونەوەی نرخ" هەیە و ئەم هەنگاوە پەیامێکی بەهێزە بۆ دابەزاندنی نرخەکان.
ژاپۆن و ئەڵمانیا وەک یەکەم وڵاتەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەکارهێنانی پاشەکەوتەکانیان نیشاندا. سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، وڵاتەکەی رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەست دەکات بە بەکارهێنانی یەدەگی نەوت و گوتی: "بەهۆی پشتبەستنی زۆری ژاپۆن بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێمە بە تووندی کاریگەر دەبین." هاوکات ئەڵمانیاش رایگەیاند، 2.4 ملیۆن تۆن نەوت دەخاتە بازاڕەوە.
دۆخی بازاڕی وزە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی رابردووەوە تووشی شڵەژانی گەورە بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران بە کردەیی تەنگەی هورمزی پەکخستووە، کە 20%ـی وزەی جیهانی تێدا تێپەڕ دەبێت.
ئەم پەرەسەندنانە لەکاتێکدا دێن کاریگەرییەکانی جەنگەکە گەیشتوونەتە سەرانسەری جیهان؛ بەنگلادیش سوپای بۆ پاراستنی کۆگاکانی نەوت ناردووە، هیندستان چاودێریی تووندی سەر گازی سرووشتی دەستپێکردووە و فەرەنساش سزای ئەو وێستگانەی داوە، کە نرخەکانیان بەرز کردووەتەوە.
32 وڵاتەکەی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، پێکەوە زیاتر لە 1.2 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی ستراتیژییان هەیە و دەیانەوێت لەرێگەی خستنەبازاڕی ئەو 400 ملیۆن بەرمیلە، نرخی نەوت، دابەزێنن.
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا هۆشداری داوە، داخستنی تەنگەی هورمز هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ئاسایشی وزە و خۆراک لە جیهاندا و تێچووی دڵنیایی (تەئمین)ـی کەشتییەکانی 300% زیاد کردووە.