مەسرور بارزانی و مارکۆ روبیۆ: گرنگە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تاوتوێی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان کرد و جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 11-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مارکو رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردن و پتەوکردنی دۆستایەتی و هاوپەیمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و رۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەیوەندیی و هاوئاهەنگیی بەردەوامدا بن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش.