ترەمپ بۆ تیمی ئارتیمیس 2: گەشتەکەتان ناوازە بوو، هەنگاوی داهاتوومان مەریخە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی گەڕانەوەی تیمی گەشتی ئاسمانیی (ئارتیمیس 2) دەکات و دەڵێت، ئامانجی داهاتووی وڵاتەکەی ناردنی مرۆڤە بۆ سەر مەریخ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا دوای سەرکەوتنی گەشتەکە و نیشتنەوەی کەشتییە ئاسمانییەکە لەسەر زەوی، رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە تیمی مەزن و زۆر لێهاتووی ئارتیمیس 2 دەکەم. تەواوی گەشتەکە ناوازە و سەرنجڕاکێش بوو، نیشتنەوەکەش بێوێنە بوو."
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا بۆ تیمەکە ئاماژە بەوە دەکات: "وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەوە زیاتر ناتوانم شانازیتان پێوە بکەم! بە پەرۆشەوە چاوەڕێم بەم زووانە هەمووتان لە کۆشکی سپی ببینم. جارێکی تریش ئەم کارە دەکەینەوە و پاشان، هەنگاوی داهاتوو: مەریخ!"
تیمی ئارتیمیس 2 لە کاتژمێر 03:07 خولەکی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر نیشتنەوە، بەمەش کۆتایییان بە ئەرکە مێژووییە 10 رۆژییەکەیان هێنا بۆ خولگەی مانگ.
کەشتیوانەکان پێکهاتبوون لە رێد وایسمان، ڤیکتۆر گلۆڤەر، کریستینا کۆک و جێرمی هانسین؛ رێد وایسمان کە ئەمریکییە، سەرۆکایەتی گەشتەکەی کرد.
پێشتریش ئەو چوار کەشتیوانە پێکەوە بەکۆی گشتی 660 رۆژ لە وێستگەی بۆشایی نێودەوڵەتی ماونەتەوە و 12 جار پیاسەیان لەنێو بۆشاییدا کردووە.
ناسا ساڵانێکە پڕۆژەی "گەڕانەوە بۆ سەر مانگ"ـی راگەیاندووە و ناوی ناوە ئامانجەکانی ئارتمس - Artemis، کە وشەیەکی یۆنانییە و بە مانای خودای راوکردن دێت.