ئەمریکا رەتی دەکاتەوە رەزامەندی لەسەر ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران دابێت


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە گوایە واشنتن رەزامەندی داوە لەسەر ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران کە لە بانکەکانی دەرەوەن.
 
ئەم رەتکردنەوەیە لە کاتێکدایە، شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستانن بە مەبەستی دانوستاندن بۆ رێککەوتن.
 
پێشتر تاران رایگەیاندبوو هەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە شەڕ دەبێت ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ حیزبوڵڵا لە لوبنان لەخۆبگرێ.
 
"سەرچاوەیەکی باڵای ئێران" کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەمریکا رەزامەندی داوە لەسەر ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان و ئەم هەنگاوە راستەوخۆ پەیوەستە بە دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا.
 
بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی لە وەڵامی راپۆرتەکەدا گوتی: "ئەوە درۆیە. کۆبوونەوەکان هێشتا تەنانەت دەستیشیان پێنەکردووە."
 
دواتر نووسینگەی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رۆژی شەممە رایگەیاند، شەریف لە ئیسلامئاباد چاوی بە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کەوتووە و ئاماژەی بەوەش کرد، کە دانوستاندنی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "دەستیپێکردووە."