ئاگربەستێکی 32 کاژێری لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەستی پێکرد و 350 دیل ئازادکران

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگربەستێکی کاتی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە رۆژی شەممە چووە واری جێبەجێکردنەوە، لە کاتێکدا کیێڤ هۆشداری دەدات، ئەگەر مۆسکۆ پابەند نەبێت، "دەستبەجێ" وەڵامیان دەبێت.
 
ئەم ئاگربەستە کە بەبۆنەی جەژنی هەستانەوە (قیامە)ی ئۆرسۆدۆکسـەوە راگەیێندراوە، بڕیارە بۆ ماوەی 32 کاژێر بەردەوام بێت؛ واتە لە کاژێر 4:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە تاوەکو کۆتایی رۆژی یەکشەممە. ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، رۆژی پێنجشەممە فەرمانی راگرتنی شەڕی دەرکرد، ئەوەش دوای هەفتەیەک لە پێشنیازێکی هاوشێوە لە لایەن ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرایناوە.
 
زیلینسکی لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسیویەتی: "ئۆکراینا پابەندی ئاگربەست دەبێت و وەڵامەکانیشی هاوشێوە دەبن. نەبوونی هێرشی رووسیا لە ئاسمان، وشکانی و دەریاوە، بە واتای نەبوونی وەڵام لە لایەن ئێمەوە دێت." هاوکات سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، لە ئامادەیی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر پێشێلکارییەک.
 
تەنیا چەند کاژێرێک بەرلە دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، رووسیا لانیکەم 160 درۆنی ئاراستەی ئۆکراینا کرد، کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس لە رۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکە. بەهێزترین گورز بەر شاری ئۆدێسا کەوت. لە بەرامبەردا، درۆنەکانی ئۆکراینا ئاگریان لە کۆگەیەکی نەوت لە ناوچەی کراسنۆداری رووسیا بەردا. هەروەها بەرپرسانی سەر بە رووسیا لە دۆنێتسک و خێرسۆن رایانگەیاند، بەهۆی هێرشی ئۆکرایناوە چوار کەس لای ئەوان کوژراون.
 
سەرەڕای گرژییەکان، هەردوولا رۆژی شەممە 175 دیلی جەنگییان (بە کۆی گشتی 350 کەس) گۆڕییەوە. وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، دەوڵەتی ئیمارات رۆڵی نێوەندگیری لەم پڕۆسەیەدا بینیوە. گۆڕینەوەی دیلەکان وەک تاکە دەرچەی هاوکاری لە نێوان هەردوو وڵاتدا ماوەتەوە.
 
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە چوار ساڵەییەی ئەورووپا، لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەکیکەوتووە. ناکۆکییە سەرەکییەکان لە سەر پرسی خاکن؛ ئۆکراینا داوای راگرتنی جەنگ لە سەر هێڵەکانی ئێستا دەکات، بەڵام رووسیا داوا دەکات کیێڤ دەستبەرداری تەواوی خاکی هەرێمی دۆنێتسک ببێت، کە ئەمەش لای ئۆکراینا قبووڵکراو نییە.
 
بەپێی راپۆرتی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW)، رووسیا ئێستا نزیكەی 19٪ـی خاکی ئۆکراینای کۆنتڕۆڵ کردووە.