ترەمپ هۆشداری دەداتە چین: چەک بۆ ئێران بنێرن، رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە چین و رایگەیاند، هەر جۆرە هاوکارییەکی سەربازیی پەکین بۆ تاران، لێکەوتەی دەبێت. باسی دانوستاندنیشی لەگەڵ ئێران کرد و گوتی، "چی رووبدات، هەر ئێمە براوەین".
 
ترەمپ لە یەکەم لێدوانیدا دوای دەستپێکردنی دانوستاندنی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان گوتی: "چین رووبەڕووی کێشەی زۆر گەورە دەبێتەوە ئەگەر بێت و چەک بۆ ئێران بنێرێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، سوپای وڵاتەکەی دەستی کردووە بە پرۆسەی پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لەو مینانەی ئێران چاندبوونی، گوتیشی: "رەنگە چەند مینێک لە ناو ئاوەکەدا مابن، بەڵام ئێمە کەشتیی راماڵینی مینمان لەوێ جێگیر کردووە و خەریکی پاککردنەوەی تەنگەکەین تاوەکو هاتووچۆی کەشتییەکان ئاسایی ببێتەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ بەوپەڕی متمانەوە باسی لە دەرەنجامە سەربازییەکانی جەنگ کرد و گوتی: "بەبێ گوێدانە ئەوەی چی روودەدات، ئێمە براوەین. ئێمە ئەو وڵاتەمان (ئێران) بە تەواوەتی تێکشکاندووە." ترەمپ جەختی کردەوە، ئاگربەست یان رێککەوتن هیچ جیاوازییەکی بۆ ئەو نییە، چونکە ئامانجە سەربازییەکانی بەدەستهێناوە.

 

 
 
ترەمپ گوتیشی، ئەمریکا لە گفتوگۆی زۆر چڕدایە لەگەڵ ئێران، "بەڵام لە هەموو بارودۆخێک ئێمە براوەین و ئێران هەموو شتێکی لەنێو چووە."
 
لە پێشهاتێکی ئابووریی گرنگدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئاراستەی بازرگانیی نەوت گۆڕاوە و گوتی: "ئەوەی ئێستا روودەدات ئەوەیە کە کەشتییە بارهەڵگرە گەورە و جوانەکان روویان لە وڵاتی ئێمە (ئەمریکا) کردووە بۆ ئەوەی لێرە نەوت و گاز بار بکەن." 
 
لەبارەی کردنەوەی تەنگەی هورمز، ترەمپ گوتی: "هەرچەندە ئێمە تەنگەی هورمز بەکارناهێنین، بەڵام دەیکەینەوە، چونکە چەندین وڵاتی دیکە هەن کە بەکاریدەهێنن و ناشیکەنەوە، چونکە یان دەترسن، یان لاوازن یانیش زۆر بێ بەهان."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ هاوکاتن لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەمین گەڕی گفتوگۆی رووبەڕووی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان. سەرچاوە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، دوو گەڕی دانیشتن تەواو بووە و شاندەکەن گەڕی سێیەمیان دەستپێکردووە.