ئێران و ئەمریکا گەڕێکی دیکەی دانوستاندن دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
گەڕی سێیەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا تەواو بوو. هەردوولا رازی بوون لە ئیسلامئاباد درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران دەڵێت، لەسەر پێشنیازی پاکستان، تاران و واشنتن رازی بوون بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، گەڕێکی دیکەی دانوستاندن بکەن و درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.
حکومەتی ئێرانیش رایگەیاند، سەرەڕای هەندێک ناکۆکی، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبن.
میدیای ئێران لە زاری بەرپرسێکەوە رایگەیاند، دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد لە ئاستی پسپۆڕانەوە گۆڕدراوە بۆ گفتوگۆی سێقۆڵی. واتە ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، راستەوخۆ گفتوگۆیان کردووە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانییەوە بڵاویکردەوە، دانوستاندنە سێقۆڵییەکان رووبەڕوو لەنێوان جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و نێردراوان ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر لەلایەنی ئەمریکی و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەلایەنی ئێرانی، بە بەشداریی جەنەراڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان، بەڕێوەچوون.
ئاژانسەکانی فارس و تەسنیم ئاماژەیان بە "پێشکەوتن لە دانوستاندنەکان و کەمکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی زاحیەی باشووری بەیرووت" کردووە، ئەمە مەرجی تاران بوو پێش دەستپێکردنی دانوستاندنەکان.
دوای چەند کاژێرێک لە نووسینی ئەم هەواڵە، هەردوو لایەنی ئەمریکا و ئێرانی دانیان بەوەدا نا کە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و گەڕێکی دیکەی دانوستاندن ناکەن.