دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە چ شێوازێک بەڕێوەدەچن؟

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە 11ی نیسانی 2026 گەڕێکی نوێ و هەستیاری دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەدەچێت؛ بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی هەرێمییش دەڵێن، گفتوگۆکان بە دوو قۆناخی "ناڕاستەوخۆ و راستەوخۆ" دەبن.
 
کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی هەرێمییەوە بڵاویکردەوە، لە قۆناخی یەکەمدا هەردوولا لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە کار لەسەر رێککەوتن لەسەر ئەجێندای دانوستاندنەکان دەکەن، دواتریش لە هەمان رۆژدا، پێشبینی دەکرێت شاندەکانی هەردوو وڵات بچنە نێو گفتوگۆی رووبەڕوو و راستەوخۆ دابنیشن.
 
زۆربەی گەڕەکانی پێشووی دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران بە ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی نێوەندگیرە عومانییەکانەوە بوون، هەرچەندە لە کاتی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی بەهاری رابردوودا چەند پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەبووە.
 
لە لایەکی دیکەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و ئەندامی تیمی دانوستاندنکاری ئەو وڵاتە، پێشتر پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هەبووە.
 
ئەم کۆبوونەوانەی ئیسلامئاباد لە کاتێکدایە، لەدوای نزیکەی 40 رۆژ پێکدادان، ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لەنێوان هەردوولا راگەیێندراوە.