شاندی ئەمریکا گەیشتە پاکستان؛ جەی دی ڤانس سەرۆکایەتی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کەمێک لەمەوبەر شاندی ئەمریکا بە مەبەستی دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە ئیسلامئاباد. شەوی رابردووش شاندەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشت. بڕیارە هەر ئەمڕۆ شەممە، شاندەکان کۆببنەوە. کۆبوونەوەکە وەک هەوڵێکی دەگمەن و گرنگ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان سەیردەکرێ. 
 
سەرچاوەکان لە حکومەتی پاکستانەوە دەڵێن، کۆبوونەوەکە گفتوگۆی راستەوخۆ لەخۆدەگرێ و هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی دانەنراوە، ئەگەری هەیە گفتوگۆکان دوو رۆژ بخایەنن.
 
کۆشکی سپی پشتڕاستیکردووەتەوە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتیی شاندەکەی وڵاتەکەی دەکات. ڤانس کە پێشتر لە هێزی مارێنزدا خزمەتی کردووە و لە ساڵی 2005 لە عێراق بووە، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی پارتی کۆماری.
 
شاندەکەی واشنتن جگە لە جەی دی ڤانس، هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ و ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەشداری دەکەن. 
 
شاندەکەی ئێرانیش پێکهاتووە لە محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران؛ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگری؛ عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندی. 
 
حکومەتی پاکستان بە بەرزترین ئاست بەشداری لە میوانداریکردنی گفتوگۆکاندا دەکات. شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان؛ ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران؛ مارشاڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری وڵات و فەریق محەممەد عاسم مالیک، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە بن.
 
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکی هەستیاردایە و چاوی جیهانی لەسەرە، چونکە ئەنجامەکەی چارەنووسی ناوچەکە و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی گشتگیر یان گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام دیاری دەکات.