ترەمپ: سوپاس بۆ 'اللە' سەرکردە دێرینەکانی ئێران چیدیکە لەگەڵمان نین
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا لە ترووس سۆشیاڵ، وێنەیەکی وێرانکەری تواناکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کێشا و رایگەیاند، تاران لە هەموو بەرەکاندا تووشی دۆڕانێکی گەورە بووە. ترەمپ رەخنەی تووندی لە میدیا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاش گرت.
رۆژی شەممە 11-04-2026 ترەمپ هێرشی تووندی کردە سەر میدیاکان و گوتی، بەهۆی نەخۆشیی "تێکچوونی دەروونی بەرامبەر ترەمپ "TDS دەیانەوێ وا نیشان بدەن ئێران براوەیە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران بە تەواوی لەنێوچووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بەرگریی ئاسمانی و راداری نەماوە، هەروەها زۆربەی کارگەکانی دروستکردنی درۆن و مووشەک تەخت کراون.
ترەمپ گوتی، "سەرکردە دێرینەکانیان چیدیکە لەگەڵماندا نین، سوپاس بۆ الله."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی دەستی کردووە بە پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لەو مینە دەریاییانەی ئێران چاندبوونی. ترەمپ گوتی، تاکە هەڕەشەی ئێران مابێت، پێکدادانی کەشتییەکانە لەگەڵ مینەکان، بەڵام ئاشکرای کرد، "هەموو ئەو 28 بەلەمەی ئێران کە مینەکانیان دەچاند، ئێستا لە قووڵایی دەریادان."
ترەمپ گوتی، ئەمریکا ئەم پاککردنەوەیە وەک "چاکەیەک" بۆ وڵاتانی وەک چین، ژاپۆن، کۆریای باشوور، فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات. سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لێ گرتن و گوتی، "جێگەی سەر سوڕمانە، ئەوان ئازایەتی یان ویستی ئەوەیان نییە ئەم کارە (پاککردنەوەی تەنگەکە) بۆ خۆیان بکەن."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کەشتییە نەوتهەڵگرە بەتاڵەکانی زۆرێک لە وڵاتەکان ئاراستەی خۆیان گۆڕیوە و بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڕۆن تاوەکو بە نەوتی ئەمریکی پڕ بکرێن.
ئەم پۆستەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەردوو شاندی ئەمریکی و ئێران لە ئیسلامئابادی پاکستانن بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن بگەنە رێککەوتنێک لەسەر ئەو ئاگربەستەی ترەمپ بۆ 14 رۆژ رایگەیاندووە.