دانوستاندنی ئاشتی لە ئیسلامئاباد؛ ئەمریکا و ئێران چ داواکارییەکیان لە یەکدی هەیە؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەست بە دانوستاندنی چارەنووسساز دەکەن. ئامانجی لێیان، گۆڕینی ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەیە کە لە 7 راگەیێندرا، بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
کێ بەشدارە؟
گفتوگۆکان بە نێوەندگیری پاکستان بەڕێوەدەچن
شاندی ئەمریکا
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەراست
جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم
لایەنی ئێرانی
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان کە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە
عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگری
عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندی
لایەنی پاکستان
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران
عاسم مونیر، سوپاسالار
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە
محەممەد عاسم مالیک، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی
پێشنیازەکانی ئەمریکا و ئێران
ئەمریکا و ئێران پێشنیازی جیاوازیان گۆڕیوەتەوە. ئەمریکا پلانێکی 15 خاڵی لە رێگەی پاکستانەوە خستووەتەڕوو، ئێرانیش پێشنیازێکی 10 خاڵی بڵاوکردووەتەوە.
داواکارییەکانی ئەمریکا
ئەمریکا دەیەوێ توانای ئەتۆمیی ئێران نەهێڵێت و هەژموونی لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە، لە بەرامبەردا بە مەرج سزاکان لادەبات. داواکارییەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی گشتی لەم چوارچێوەیەدان:
1. بەرنامەی ئەتۆمی: لەنێوبردنی تەواوی دامەزراوەکانی پیتاندن (وەک نەتەنز و فۆردۆ)؛ کۆتاییهێنان بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە خاکی ئێران بە یەکجاری؛ رادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بە وڵاتێکی سێیەم یان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم؛ چاودێریی تووند و قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی بۆ هەمیشە.
2.مووشەک و سەرباز: دانانی سنوور بۆ مەودا و ژمارەی مووشەکە بالیستییەکان؛ راگرتنی ناردنی درۆن و مووشەک بۆ هێزە پاشکۆکانی ئێران لە ناوچەکە.
3.گرووپە پاشکۆکان: کۆتاییهێنان بە پاڵپشتیی تەواو بۆ حیزبوڵڵا، حوسییەکان، حەماس و گرووپە چەکدارەکانی عێراق.
4.تەنگەی هورمز: کردنەوەی دەستبەجێ، سەلامەت و بێ مەرجی تەنگەی بە رووی کەشتییەکاندا (بێ وەرگرتنی باج لەلایەن ئێرانەوە).
داواکارییەکانی ئێران
1- پابەندبوونی ئەمریکا بە گەرەنتیی ئەوەی جارێکی دیکە شەڕ هەڵناگیرسێتەوە.
2- بەردەوامبوونی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا.
3- قبووڵکردنی مافی ئێران بۆ پیتاندنی ئەتۆمی.
4- هەڵگرتنی هەموو سزا سەرەکییەکان.
5- هەڵگرتنی هەموو سزا لاوەکییەکان.
6- کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران.
7- کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دژی ئێران.
8- پێدانی قەرەبووی زیانەکان بە ئێران بەهۆی ئەو لەدەستدانانەی لە جەنگەکەدا بەریکەوتووە.
9- کشانەوەی هێزە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
10- راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، لەوانەش بەرەی لوبنان.
بەڵام کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ترەمپ ئەو داواکارییانەی رەتکردوونەتەوە.