ئۆکراینا: ئەگەر رووسیا بە ئاگربەست رازیبێت، گفتوگۆی راستەوخۆیان لەگەڵ دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، کیێڤ ئامادەیە لە ئیستەنبووڵ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ مۆسکۆ بکات، بەڵام بەو مەرجەی بە ئاگربەستێکی 30 رۆژە رازی بن.
رۆژی یەکشەممە، 11-05-2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا باسی ئەو پێشنیازەی رووسیای بۆ "گفتوگۆی راستەوخۆی ئاشتی" کرد و بە "ئاماژەیەکی ئەرێنی" وەسفی کرد.
زیلینسکی گوتی: "هیچ مانایەکی نییە کوشتار تەنانەت بۆ یەک رۆژی دیکەش بەردەوام بێت. ئێمە پێشبینی ئەوە دەکەین رووسیا ئاگربەست قبووڵبکات؛ ئاگربەستێکی تەواو، بەردەوام و پشت پێبەستراو کە لە رۆژی 12ـی ئایارەوە دەستپێبکات. ئۆکراینا ئامادەی دانیشتنە."
دوێنێ شەممە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە گوتارێکدا لەبارەی پێشنیازەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کە سەردانی ئۆکراینایان کردبوو و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کۆبوونەوە و داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان کردبوو، بە راستەوخۆ بەو پێشنیازەی رۆژئاوا رازی نەبوو، بەڵام رایگەیاند: "پێشنیازەکەم ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەست بەو گفتوگۆیانە بکەنەوە، کە لەساڵی 2022 رایانگرت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو گفتوگۆیانە بێمەرج بن."
زیلینسکی هەروەها گوتی: "ئاماژەیەکی ئەرێنییە کە رووسییەکان بیر لە کۆتاییهێنانی جەنگ دەکەنەوە. هەموو جیهان ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ئەمەیە. هەنگاوی یەکەمی راستەقینەی کۆتاییهێنانی جەنگیش، ئاگربەستە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشنیازی کرد تورکیا دەتوانێت میوانداری لە دانوستاندنەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا بکات. ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە پووتینی گوتووە: "پەنجەرەیەکی دەرفەت بۆ بەدیهاتنی ئاشتی کراوەتەوە."
لە ئاداری 2022ـەوە مۆسکۆ و کیێڤ هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆیان نەکردووە. ئەوکاتیش هەر لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە، ئەمەش دوای ئەوەی مانگێک بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا تێپەڕیبوو. لەوکاتەوە، تاکە پەیوەندیی نێوان ئۆکراینا و رووسیا بریتیبووە لە گۆڕینەوەی تەرم و دیلی جەنگ.
لەوکاتەوە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە و کیێڤیش خۆی بەدەستەوە نەداوە. ئێستا ژمارەی قوربانییان سەرووی دەیان هەزارە، جەنگەکە هەروەها بووە هۆی وێرانکردنی بەشێکی زۆری ئۆکراینا و نەهێشتنی پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ رۆژئاوا.
ئێستا رووسیا پێنجیەکی خاکی ئۆکراینای کۆنتڕۆڵکردووە و دەشڵێت، چوار هەرێمی وڵاتەکەی بە خاکی خۆیەوە لکاندووە، ئەمە جگە لە هەرێمی کریمیا کە لە 2014 لکاندی.
'سەرەتا ئاگربەست، ئینجا ئەوانی دی'
کیێڤ و هاوپەیمانەکانی دووپاتیان کردووەتەوە، ئاگربەستێکی بێمەرج تاکە رێگەی راگرتنی ئەو جەنگەیە، کە لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە، خراپترینی ئەورووپایە.
رۆژی شەممە هەریەک لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا؛ فرێدریش مێرتس، راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا و کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە شەمەندەفەرێک گەیشتنە کیێڤ. سەرکردە ئەورووپییەکان بە پشتیوانیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوشاریان لە رووسیا کرد دان بە ئاگربەستدا بنێت کە لە رۆژی دووشەممەوە دەستپێبکات.
ئاندری یەرماک، سوپاسالاری ئۆکراینا گوتی، ئۆکراینا بەیەک مەرج دێتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەویش ئاگربەستی بێمەرجە. یەرماک گوتی: "سەرەتا ئاگربەستێکی 30 رۆژە ئینجا ئەوانی دیکە. ئاگربەست ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە رووسیا ئامادەیە ئەو کوشتارە راگرێت."